تێگەیشتن لە برێت مەکگۆرک

  11/01/2021  |    652 جار خوێندراوەتەوە

برێت جارێکیتر سەریهەڵدایەوە. ئەمجارەیان وەک بەرپرسێکی باڵاتر لە پۆستەکانی تری. بە هۆی پەیوەندی بە کوردەوە لە زیاتر لە بەشێکی کوردستان، برێت مەکگوێرک لە لایەن کوردەوە بە بایەخەوە تەماشا دەکرێت. دەمێکە پلانم هەبوو لە سەر برێت بنوسم، بەڵام چاوەڕێی کتێبەکەی بووم کە پلان وەهایە چەند مانگێکی تر بڵاوبکرێتەوە .

بەڵام حەزدەکەم لێرەدا چەند سەرنجێکی سەرەتایی بنوسم .

یەکەم، برێت مەکگۆرک، بە شایەدی ئەوانەی کە چەند جارێک مامەڵەیان لە گەڵدا کردوە، کیسنجەر نیە، بەو مانایە کەسێکی خاوەن دید و دونیابینی و پرۆژەی سیاسی نیە، زیاتر بیرۆکراتە .

دووەم، برێت هێشتا گەنجە و لە پرۆسەی هەڵکشاندایە، وەک کیسنجەر نیە کە لە پرۆفیسۆری زانکۆوە هێنرابێت بۆ پۆستێکی باڵا. ئەم پرۆسەی هەڵکشانە ڕۆڵی هەیە لە داڕشتنی جۆری مامەڵەی ئەو لە گەڵ پرس و ڕوداو و کەسایەتییەکاندا .

سێیەم، مەکگۆرک باجی هەڵەی داوە، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٢ پەیوەندی هەبووە لە گەڵ چینا چۆندا، پەیامنێری ۆڵ ستریت جۆرناڵ، باجی دا بەوەی نەکرا بە باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق، جێگای باسە جینا ئێستا خێزانی برێتە. بیرم دێت جارێکیان لە گەڵ دینیس نەتالیدا بە وردی باسی ئەمەمان کرد لە هەولێر .

چوارهەم، برێت کۆمەڵێک مامەڵەی هەیە لە گەڵ کۆمەڵێک ڕوداودا، لەوانە، داخستنی پەرلەمان، ڕیفراندۆم، ئەردۆگان و پرسی ڕۆژئاڤا. هەریەک لەم ڕوداوانە هەڵوێستی تایبەت دەردەخەن بەڵام لە هەناوییاندا هێڵکی درێژبوە هەیە. لە پرسی پەرلەمان و ڕیفراندۆمدا برێت هەمان هەڵوێستی هەبوو. نابێت هیچ کارێک بکرێت کە ببێتە هۆکاری شکستی شەڕی داعش، کە پرۆژەی ڕاسپێردراوی ئەوبوو، لە هەمانکاتدا سەرکەوتن و شکستی ئەمریکا لەو پرسەدا کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبوو لە سەر پرسی داهاتوی کەرییەری سیاسی ئەو. بەڵام کورد، یان پارتی بە هەڵە پرسەکەی خوێندەوە. لە پرسی پەرلەماندا مەکگۆرکی بە دۆستی خۆی لە قەڵەمدا، لە پرسی ڕیفراندۆمدا مەکگۆرکی بە نەیاری خۆی لە قەڵەم دا. لە کاتێکدا ئەم دوو هەڵوێستە هەمان شتن. بۆیە پرسەکە دۆستایەتی یان نەیارێتی پارتی نەبوو، بەڵکو پرۆژەی برێت بوو کە دەبێت ڕێگریی بکات لە هەموو ڕێگرییەک لەوەی کە سەرکەوتن بە سەر شەڕی داعشدا لاواز بکات. ئەمە بۆ نەیارێتی ئەردۆگانیش ڕاستە. برێت نەیاری ئەردۆگانە چونکە ئەردۆگان دۆستی داعشە و ڕێگربوو لە پرۆژەی سەرکەوتنی ئەو. دۆستی ڕۆژئاڤایە چونکە هاوکاربوون لە شەڕی داعشدا. بەم پێیە، دۆست و دوژمن لای ئەو لە سەر ئامانج وەستاوە. لە دیدی فەلسەفییەوە ئەو وەک ژیژیک یان ژوژو وەهایە ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە و هەموو شتێکی تر دەخاتە لاوە لە پێناو ئەو ئامانجەدا. ئەو ڕێوی نیە. کیسنجەر نیە .

پێنجەم، هەڵوێستی کوردی مایەی پێکەنین و گریانە. کورد خێرا دۆست و دوژمنێتی دەکەن.  ئەمە نەگبەتی ئێمەیە لە تێگەیشتن لە دونیا و سیاسەتی دەرەوە و کەسایەتییەکان .

مەکگوێرک کیسنجەرنیە کە دونیا دابڕێژێت، تێگەیشتن لە کەسایەتی  ئەو گرنگە، بەڵام نابێت سیاسەت بە شەخسی بکرێت. بەڵام تێدەگەمە لەوەی کە کورد توانای تێگەیشتنی دەزگای نیە بۆیە کەسایەتی لای هەموو شتێکە .

بەرگی کتێبەکەی ئەو، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە سێ ئیدارەدا کاری کردوە، دیموکرات و کۆماریی.


زیاتر