عێراق داهاتویەکی ڕەش

  25/01/2021  |    1025 جار خوێندراوەتەوە
کۆمەڵێک ڕوداو ڕویاندا لە ماوەی پێشوودا، پێکەوە ئەو دیاردەیە دەهێننەوە بەرچاو کە ئایا چارەنوسی عێراق بەرەو کوێ دەچێت؟ عێراق وڵاتێکە ئەمڕۆ لە کوردستانەوە جیاواز دەبینرێت: بەرەیەک کردویانە بە بەهەشت و بەرەیەک بە دۆزەخ، بەڵام هیچ کام لەم بەرەیە لە واقیعی عێراق خۆی نادوێن. وەک هەموو دیاردەیەکی تر، قسەکردن لە سەر عێراقیش بەشێکە لە خۆدواندن، نەک قسەکردن لە سەر عێراق.

لێرەدا ئێستێکی کورت لە سەر کۆمەڵێک ڕوداو دەکەین، کە پێکەوە کاریگەرییان هەیە لە سەر چارەنوسی عێراق.

یەکەم، ئەمریکا دەیەوێت عێراق بە دونیای عەرەبییەوە گرێ بدات، هەروەها بە کوردستانیشەوە. ئەم پرۆژەیە لە ڕێگای غازەوە بەڕێوەدەچێت، کە سەرچاوەی دابینکردنی کارەبایە. وەزارەتی وزەی ئەمریکی لە پشت ئەم پرۆژەیەوەیە. ڕۆژانی پێشوو لە ریاز کۆبونەیەوەیەکی تایبەت بۆ ئەم  مەبەستە بەڕێوەچوو. ماسیو زایس هەروەها سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەیەکی وەزارەتی وزە دەکات بۆ غازی هەرێم. ئەمە سەرباری گۆڕینی سەرۆکی ئەمریکی بەردەوام دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی بایدن یەکەم پەیامی بۆ ئێران نارد، بە دانانی ڕۆبەرت مالی بە نێردەی ئەمریکا بۆ پرسی ئێران. مالی تێکەڵەیەکە لە جولەکەی میسری و سوریی. هەڵوێستی بەرامبەر ئێران لە لایەن باڵە توندڕەوەکەوە جێگای قبوڵنیە. مالی دژ بە کوشتنی بەرپرسە ئێرانییەکە بوو لە ماوەی پێشودا. ئەم پەیامەی بایدن: گۆڕینی فشار و ئەگەری سەربازییە بۆ دیپلۆماسی. ئەمە مانای ئەوەنیە کە دەتوانێت تەواو ئاراستەکە بگۆڕێت چونکە نابێت وەک ئەوە دەرکەوێت کە ڕەخنەگرانی وێنای دەکەن.

لە هەمانکاتدا لە کاتی پرساندنی لە کۆنگریس وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێندە بایەخی بە عێراق نەدا. وەک ماوەیەک لەمەوپێش بەرپرسێکی ئەمریکی ووتی، عێراق لە ئەولەویاتی ئەم ئیدارەیەدانیە، کاتێکش دەبێتە جێگای بایەخ، تەنها لە پەیوەست بە ئێرانەوەیە. چونکە ئێران لە نێو پێنج ئەولەویەتەکەی بایدنە.

لە ئاستی هەرێمیدا، پەیوەندی عێراق و تورکیا بەرەو ئاراستەیەکی خراپتر هەنگاو دەنێت. بە هاتنی خەلوسی ئاکار و هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ هاتن بۆ شەنگال، ئاماژەیەکی ڕونە کە تورکیا پلانی چەسپاندنی زیاتری خۆی هەیە لە ناوچەکە و ئابلۆقەدانی موسڵە، بە جۆرێک لە کاتی هەر ڕوداوێکدا بتوانێت بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بەشێک لە سوننە ئەم هاتنەی تورکیایان پێباشە و وەها پاساوی بۆ دەهێننەوە کە هاتنی تورکیا تەنها بۆ دژایەتی پەکەکەیە. بەڵام شیعە هاتنی سەربازییان پێباش نیە و داوای ڕێگای ئاشتی دەکەن، بەڵام هەردولا هێندە دەسەڵاتدارنین بۆ کاریگەرییدانانی گەورە لە سەر دۆخەکە. تورکیا بەبێ هیچ پێچ و پەنایەک دەیەوێت زیاتر و زیاتر لە ناوچەکە بنکە و بارەگا و کاریگەریی هەبێت. ئەم کشانەی تورکیا لە دوو ئاستدا ڕونە: ئاستی یەکەم، هەوڵی کشانی تورکیا بە هەموو پانتاییەکانی دەوروبەری خۆیدا، لە هەمانکاتدا بانگەشەی تورکیا بۆ گەڕانەوە بۆ نەخشەی میساقی میللی. بەڵام لە هەمانکاتدا لە ئاستی فیکریی هەردوو ستراتیژی قوڵ و نیشتمانی شین دەکرێت وەک دوو پرۆژەی پاوانخوازی ببینرێت لە ڕوی وشکانی و دەریاوە.

ڕوداوێکی تر کە ڕەنگە پەیوەندی بە پێگەی ئێرانەوە هەبێت لە عێراق، ئەویش دواخستنی هەڵبژاردنە. لە کاتێکدا کازمی پەیمانی دا کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. بەڵام پەیمانەکەی وەک زۆر لە قسەکانی تری بوو، تەنها قسە بوو. کازمی وەک بیرۆکراتێک تەنها ڕوکەشێکی میکیاجییە بۆ کۆمەڵێک ئامانجی تایبەت لە نێوان هێزە ڕکەبەرەکاندا. لە کاتی فشار و قەیراندا، هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراق لە ڕیزی پێشەوە دەکشێنەوە بۆ دواوە، هەتا فشاریان لە سەر کەمبێتەوە، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتێکی ئەوتۆ لە دەست بدەن. ئەمەش بەهانەی هێنانی کەسێکی بێپشتیوانی وەک کازمییە.

هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە عێراق لاواز و پڕ لە دەستێوەردانە. ئەم لاوازهێشتنەوەی دەوڵەت لە عێراقدا، ئامانجی زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانە. ئەوەی ئامانجی هێزە باڵاکانە لە عێراقدا ئەوەیە کە دەوڵەت بە جۆرێک هەبێت کە توانای دەوڵەتداری نەبێت. توانای قۆرغکاریی هێزی نەبێت، توانای لێپرسینەوەی نەبێت، توانای کۆکردنەوەی داهاتی نەبێت، توانای سەروەریی یاسا و سزادانی نەبێت، لە گەڵ زۆر خەسڵەتی تردا. ئەم دیاردەیە دەکرێت بە دی-ستسیت ناوی بەرین وەک چۆن قاوە بێ کافایین دەکرێت ، وەهاش دەکرێت دەوڵەت بێ-دەوڵەتیی بکرێت. یان ئەوەی درێدا بۆ ئاین بەکاردەهێنا، ئاینی بێ دین.

چەند ڕوداوێک ئاماژە پێدەدەین کە دەرخەریی نادەوڵەتی دەوڵەتن. گەورەترین ڕوداو، قبوڵکردنی ڕەشنوسی بودجە بوو لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە. ئەم پرۆژەی بودجەی عێراق کە دەبێت بودجەیەکی چاکسازیی بێت، گەورەترین پرۆژەی بودجەیە لە عێراقدا و گەورەترین پرۆژەی دزییە لە وڵاتدا. دزییەکە بە جۆڕیکە کە هەموو بوارە گرنگ و خزمەتگوزارییەکانی وڵات بێ بودجە و کەمبودجە و پشتگوێخراوە، لە کاتێکدا ئەو بوارانەی کە زیانی گەورەیان بۆ وڵات هەیە، وەک حەشدی شەعبی، وەقفی سوننی و شیعی، هەروەها تێچونی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە، پاککردنەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە، زۆرترین بڕی داهاتیان بۆ تەرخان کراوە. لە کاتێکدا عێڕاق بانگەشە بۆ ئەوە دەکات ناچارە  نرخی دراوی دابەزێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت خەرجیەکانی دابین بکات، ئەم بودجەیە زۆرترین قەرز و کورتهێنانی تیادایە. ئەمە هەمووی لە سایەی کازمیدا ڕودەدات. لێرەدا ڕەهەندێکی تری کازمی دەردەکەوێت، وەک کەسێک کە کەس خۆی ناکات بە خاوەنی دەهێنرێت بۆ ئەوەی زۆرترین کاری نەشیاوی پێبکرێت  و پاشان دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکان هیچ بەرپرسیارییەک لە ئەستۆ نەگرن و سزایەک نەدرێن.

بە پێی ئەم بودجەیە نە کەرتی کشتوکاڵ، نە کەرتی ئاو، نە کەرتی خوێندن، نە کەرتی تەندروستی هیچ باشبون و بوژانەوەیەک بە خۆیەوە نابینێت. ئەوەی سودمەنی هەرە سەرەکییە، دیندار و چەکدار و بەرپرسە باڵاکانن.  هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە ئاستێکی ئێجگار خێرا زیاد دەکات، ژمارەی هەژاری خەریکە دەبێتە نیوەی ژمارەی دانیشتوان، لە هەمانکاتدا وڵات لە بەردەم تینوبونێکی ترسناکدایە. لە ساڵانی ڕابوردودا، تورکیا توانای کۆنترۆڵی بە سەر دیجلە و فوراتدا پەیداکردوە، ئەم توانایە، وەهای لێدەکات کە بتوانێت ئاو وەک کارتی فشار و چەک بەکاربهێنێت.

وەک دەبینین هەموو ئەم کێشانە پرسی گەورەن. لە داهاتویەکی نزیکدا عێراق ڕەنگە هەڵبژاردن بکات یان نا. بەڵام ئامانجی سیستەمی هەڵبژاردنی نوێ، ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ کەسایەتی وچالاکوانە لۆکاڵەکان بۆ ئەوەی بێنە ناو کایەی سیاسی و پەرلەمان و دابڕانێک لە گەڵ هێزە تەقلیدییەکاندا ئەنجام بدەن. بەڵام سیستەمی هەڵبژاردن، نەک ئەگەری زۆر کەمە ئەم ئامانجە بپێکێت، بەڵکو ئەگەر بێتو بیپێکێت، ئەوا پەرلەمانێکی شپرزەی پڕ لە ئەکتەری بچکۆلەی خاوەن کردیتی سیاسی سنوردار و توانای تێگەیشتنی بچوک دەهێنێتە ئاراوە. هەروەها دەبێتە هۆی گەشەی جۆرێک لە گەندەڵی کە بە بەرازی ناو بەرمیلەکە ناسراوە. لە سەردەمی کۆیلەیەتی لە ئەمریکا، ئەو کاتە سەلاجە نەبوو، بەرازی سەربڕاو خوێ دەکرا و لە بەرمیلدا هەڵدەگیرا، دیارە بەرمیلی تەختە. خاوەن کۆیلەکان بەشی کۆیلەکانیان لە بەرمیلەکەدا دەدا، ئیتر بوە هۆی هاتنە ئارای چەمکی پۆرک-بارێل. لە زانستی گەندەڵیدا یانی هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی داهاتی گشتی یان حکومی بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دەنگدەر لە ناوچەیەکدا. ئەم دیاردەیە لە ڕاستیدا ئەگەری زۆرە لە جێگایەکی وەک عێراق و کوردستانیشدا بە گەندەڵی نەبینرێت. چونکە لە ئاگایی سیاسی دەوڵەتی عێراقیدا چونە حکومەت یان چون بۆ بەغدا بۆ ئەوەیە بەشی خەڵکەکە بهێنرێت. بیرمەندی کورد مەسعود محەمەد نەک دژی ئەم جۆر گەندەڵییە نەبوە، بەڵکو وەک شانازییەک بینیویەتی.    دیارە مەسەلەی مەسعود محمد وەک پەرچە کردارێک بوە لە فشار و ڕەخنەی چەپ کە باسی شوێن و جێگاکانی تریان کردوە لە دونیا. ئەویش وەک وەڵامێک باس لە گرنگی لۆکاڵ دەکات.

زیاتر