ڕامان لە ڕوداوەکەی پاریس

  06/01/2023  |    375 جار خوێندراوەتەوە

 سەرەتا لە ئەنجامدەرەوە دەستپێدەکەین کە پیرەمێردێکی ٦٩ ساڵەی ڕەبەنە ھێشتا لەگەڵ باوانە ٩٠ ساڵانەکەیدا دەژی.

ولیەم مالات ھەموو تەمەنی، ھەتا خانەنشینی، لە ھێڵی شەمەندەفەر کاری دەکرد. یەکێک لە ئارەزووەکانی ئەوەیە کە چەکی کۆن کۆبکاتەوە. ئەو دەمانچەیەی کە لە ڕوداوە تیرۆریستییەکەدا بەکاریھێنا، دەمانچەیەکی ئەمریکی کۆنە. ولیەم چەند ھەفتەیەکی کەم لەمەوپێش لە بەندیخانە بەرەڵاکرا. وەک ڕۆژنامەنوسێکی فەرەنسی پێی گوتم، نازانین بۆ پۆلیس دەستی بە سەر چەک و تەقەمەنییەکانیدا نەگرتوە، لەکاتێکدا ئەو لە جارێک زیاتر ھێرشی کردوەتە سەر پەنابەرانی بیانی؟ بۆ ئەم کارانە ھێندە بەبێ سزا دەڕوات؟ ئەمە لە ڕاستیدا بووە بە نەریت لە ئێستای فەرەنسادا.

 ھێرش بۆ سەر بیانی کاری ڕەگەزپەرستی ڕوداوی ڕۆژانەی شارەکانی فەرەنسایە. لە پاشخانی ئەم ڕوداوانەوە، دۆخێکی سەختی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریی لەئارادایە. ڕاستڕەوی فەرەنسی لە ھەوڵی ئەوەدایە کە شەڕی ناوخۆ لە فەرەنسا بەرپا بکات و ھەموو بیانییەکان یان بکوژێت یان وڵات بە دەریان بکات. یەکێک لە تیورە باوەکانی ئەم گروپانە تیورەی جێگرەوەیە، کە بیرمەندێکی فەرەنسی بە ناوی کامۆوە Renaud Camus بڕەوی پێداوە.

پوختەی ئەم تیورەیە ئەوەیە کە ئەم خەڵکانە نابنە بەشێک لە کەلتوری ئەوروپی بەڵکو دەیانەوێت کەلتورەکەیان ببێتە جێگرەوەی کەلتوری ئەوروپی. ئەمە وەھا دەکات کە ڕەگەزپەرستی فەرەنسی زیاتر کەلتوریی و ئەوروپییە، بۆ نمونە ڕەگەزپەرستی بەریتانی ئاستی جیاوازی تری ھەیە. پارتێکی وەک یوکەیپی، تەنھا دژ بە نائەوروپی نیە، بەڵکو دژ بە ھەموو نابەریتانییەکە، بە ئەوروپییەکانیشەوە.

ئاسانکاریی بەرامبەر ڕەگەزپەرستان لەبوونی ئەم پشتیوانییە فراوانەوەیە بۆ کردارەکانیان لە لایەن جەماوەرەوە.

ئایا ڕوداوەکە چی بوو، ھێشتا جێگای مشتومڕە، کوردەکان دەیانەوێت وەک ڕوداوێکی تیرۆریستی ئەژمار بکرێت و دەوڵەتی فەرەنسی دەیەوێت وەک ڕوداوێکی ڕەگەزپەرستی لە قەڵەم بدرێت. لەپشت ئەم ناونانەنەوە کۆمەڵێک پاڵنەری ئاڵۆز ھەیە. ئامانجی کوردەکان ئەوەیە کە تاوانەکە وەھا بناسرێت کە کارێکی رێکخراوەو دەوڵەت یان گروپی گەورە لە پشتیەوەیەتی، کە تورکیایە. بەڵام دەوڵەتی فەرەنسی نایەوێت تاوانەکە وەھا ببینێت. لێرەدا جێگایەتی ئاماژە بە تاوانێکی تر بدەین دە ساڵ لەمەوپێش کاتێک بەکرێگیراوێکی دەزگای میتی تورکی سێ چالاکوانی کوردی کوشت. لە ڕاستیدا کاتێک فەرەنسییە پیرەکە ھێرشی کردەسەر ناوەندی کەلتوری ئەحمەد کایا، لەوێدا کۆبونەوەیەکی ژنان بەڕێوەدەچوو بۆ ئامادەکاری بۆ دەساڵەی تیرۆری سەکینەو ھاوڕێکانی. ئەم ڕێکەوتە یەکێکە لە ئارگومێنتەکانی کوردەکان کە کابرای فەرەنسی تەنھا نەبووەو پلانرێژیی ورد بۆ کارەکەی کراوە.

یادی دە ساڵەی کوشتنی سەکینەو ھاوڕێکانی و دیزە بە دەرخۆنەکردنی لەلایەن دەوڵەتی فەرەنسییەوە، ھۆکارێکی سەرەکی جۆری ناڕەزاییەکانی پاش کارە تیرۆریسییەکەی ڕۆژانی پێشوو بوو. ھیچ نەکردنی دەوڵەتی فەرەنسی و داخستنی ئەو فایلە، وەھای لە کوردەکان کرد کە نەتوانن بە ئاسانی بڕوا بە دەوڵەت بکەن کە بە کارەکانی ھەڵدەستێت.

دەوڵەتی فەرەنسی دەوڵەتێکی ئێجگار بیروکراتیک و ئاڵۆزو ناوەندگەرایە. ئەمەش ھۆکارێکە بۆ ڕەوەندێکی وەک ڕەوەندی کوردی بە ئاسانی نەتوانێت لۆببی بکات، بە تایبەتی کۆمەڵگاو نوخبەی فەرەنسی ئێجگار پەرت و دژ بە یەک و پڕ لە توندوتیژییە. دەوڵەت و دەزگای سیخوری فەرەنسی پەیوەندی ئاڵۆزیان لەگەڵ تورکیادا ھەیە. تورکەکان لەڕێگای گورگەبۆرو لۆبیی و ناوەندە دینییەکانەوە کار بۆ نەھێشتن یان سنوردارکردنی ئامادەیی کوردو چالاکییەکانیان دەکەن.

ناوەندی کەلتوری کایا، یەکێکە لەو جێگایانەی کە لەژێر فشاردایە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە. لەکاتێکدا کوردەکان دەیانەوێت ناوەندەکە پارێزراوبێت، بەڵام دەوڵەتی فەرەنسی لەبری پاراستن، ناوەندەکەی خستوەتە ژێر چاودێریی و بەردەوام سیخوڕی دەزگای ئینتلجینسیای فەرەنسی لەوێ ئامادەیە بە مایکی شاراوەو ھەموو گفتوگۆکانی ناوەندەکە تۆمار دەکات. ڕۆژنامەنوسێکی فەرەنسی پێی گوتم، ھەرگیز لەوێ ھیچ گفتوگۆیەک ئەنجام نادات، چونکە زۆر ئاشکرایە کە مایکی دەزگای سیخوڕی لەوێیە.

کوردەکانی فەرەنسا لەژێر فشاری کۆمەڵێک فاکتەردان، فشاری تورک لە باکور، پلانی تورکیا بۆ ھێرش بۆ سەر ڕۆژئاڤا، ھەروەھا نەبونی ئارامی و ئاسایش لە ھەندەران. قسەی کوردێک بۆ ڕۆژنامەی لۆمۆند رەنگە دەربڕی ئەم دۆخە بێت. ئەو دەڵێت: ھەست دەکەم کەسێکی بێ وڵاتم، بێ ناسنامەم، بیانییەکم کە لە ھەموو لایەکەوە ھێرشی دەکرێتە سەر.

لەم دۆخە دەرونی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا، کوردەکانی پاریس پاش ڕوداوە تیرۆریستییەکە ناڕەزاییەیان دەربڕی بەڵام ناڕەزاییەکان بوون بە توندوتیژیی. ھۆکاری ئەم توندوتیژیانە ئەگەر ئاڵۆزی پاشخانەکان و یادەوەرییەکان و باری دەرونی کەسەکان بە ھێند وەرنەگریت ڕەنگە ئاسان نەبێت بە باشی لێی تێبگەیت. بۆیە ھەندێک توندوتیژییەکانیان بە سودمەند نەزانی بۆ دۆزی کورد، بەتایبەتی کە فەرەنسا وەھا دەبینرێت کە مێژوییەکی ھەیە لەگەڵ کوردداو دۆستی کوردە.

بەڵام ناڕەزاییەکان بە پێوەری پاریس ھێندە توندوتیژ نەبوون. گەر بەراوردی بکەیت بە توندوتیژییەکانی ھێلەک زەردەکان، ئاسایی بوو. بێگومان ئەم ژینگە توندەی سیاسەتی فەرەنسی و پاریس بە تایبەتی کاریگەری ھەیە لەسەر چۆنێتی دەربڕینی سیاسی. ڕەنگە کوردەکان ئەوەیان لە بەرچاوگرتبێت کە ئەزمونەکانی ڕابوردوو ئەوەیان پێدەڵێت کە دەوڵەت بەشێوازی مەدەنی ناخرۆشێت. دەکرێت ئەمە ناوبنێنین دیپلۆماسی زەبر. ئەم جۆرە دیپلۆماسییە ڕەنگە بۆ کاتی کورت، بتوانێت سەرنج ڕابکێشێت بەڵام ئەگەر بەردەوامی ھەبێت ئەوا زیانی زیاترە لە سودی، بەتایبەتی بۆ خەڵکێکی بێ دەوڵەتی وەک کورد. ڕوونە لە سیستەمی دەوڵەتداریدا مرۆڤی بێدەوڵەت ھەرگیز بارتاقەی مرۆڤی دەوڵەتدار نیە. وەک کەنداڵ نەزان ئاماژەی پێدا، کوردێک وەک چینییەک یان خەڵکێکی تری خاوەن دەوڵەت و ھێزنیە، کوشتنی ئاسانە. ھەرچەندە فەلسەفەی ھەڤاڵان دەیانەوێت بڕوا بەخۆیان بھێنن کە دەوڵەت سەرچاوەی کێشەکانە، بەڵام نە سیستەمی دەوڵەتداریی دونیا بۆ کورد ھەڵدەوەشێتەوەو نە گەرەنتی ھەیە ھەر سیستەمێکی جێگرەوە ھێندە باش دەبێت. مەترسی ئەمجۆرە بیرکردنەوە ئەوەیە کە چارەسەرێکی موستەحەیل بکەیت بە ئامانج و نەتوانی لەگەڵ واقیعدا بژیت.

کوردەکان پێویستە چەند کارێکی نوێ بکەن؟

یەکەم، لە ھەر خۆپێشاندانێکی تردا دەبێت کوردەکان ئاڵای وڵاتی فەرەنساش لەگەڵ خۆیاندا بەرن و لە مەیدانەکاندا بەرزی بکەنەوە. گەر تۆ دەتەوێت دەوڵەتی فەرەنسی و خەڵکی فەرەنسی پشتیوانت بێت و بتپارێزێت، ئەوا دەبێت خاڵی ھاوبەش دروست بکەیت. ھیچ کارێکیش ھێندەی سیمبوڵ پڕ بە مانا نیە لەم ڕوەوە. سالانێک لەمەوپێش کاتێک لە ھێرش کرایە سەر جڤاتی چینییەکان، ئەوا نە ئاڵای فەرەنساو گۆرانی فەرەنسی ناڕەزاییان دەربڕیی. ئەمە ئەزمونێکە دەبێت لە بەرچاو بگیرێت. کوردەکان بەداخەوە تەنانەت ناتوانن سیمبولی ھاوبەشی خۆشیان ھەبێت.

دووەم، بۆ ئەوەی ناڕەزایی یان بێزاری پەنگخواردوو، توڕەیی یان توندوتیژی تەرجەمە بکرێت بۆ دەستکەوتی سیاسی دەبێت تیمی دانوستاکاری جیاوازو بە توانا ھەبن. لە بەر قوڵی بیرۆکراسیەت و باڵایی فیکریی و پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتیی و ھۆکاری تر، کارکردن لەناو کایەی سیاسەت و کۆمەڵگای فەرەنسیدا سەختە. زۆر گرنگە تیمی دانوستانکار خاوەن زمانی باڵای فەرەنسی بێت.

سێیەم، دەبێت بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ناوەندەکانی ھێز لە فەرەنساو دەرەوەیدا بکرێت. کەم ناوەندی ھێز ھەیە ھەمیشە دۆست بێت یان ھەمیشە دوژمن. ھەروەھا ناتوانرێت گرەو لەسەر نەیارێتییەکان بکرێت. بۆ نمونە ئەگەر حکومەتی فەرەنسی و تورکی کێبڕکێ بکەن، ئەوا مەرج نیە دەزگا سیخوڕییەکانیان ھاوکاری یەکتر نەکەن. تورکەکان زۆر سودمەندن لە داعش، بە شێوازی زۆر.
زیاتر