تورکیا و گۆڕانی دۆخی ناوچەکە

  03/02/2021  |    765 جار خوێندراوەتەوە
ئەو سەرنجانەی کە دەڵێت تورکیا گرنگە لە ڕوی جیوپۆلەتیکییەوە، بێگومان وەهایە، ئەم دیدە بە تایبەتی لە ناو نەوە کۆنە دیپلۆماتەکاندا باوە، کە دەوڵەتگەران. ئەم خەڵکانە وەها دەبینن کە دەوڵەت لە گەڵ دەوڵەتدا دەبێت مامەڵە بکات و هەموو ئەوەی لە نێوان دەوڵەتدایە دەبێت وەک ئامرازی دەوڵەت یان بۆ سودی دەوڵەت بەکاربێت. جەیمس جێفری سەر بەم قوتابخانەیە بوو، کە بڕوای وەهابوو ئەمریکا دەتوانێت کورد بکاتە دیارییەک بۆ تورک، لە پێناو هاوپەیمانێتی لە گەڵ ئەمریکادا دژ بە ئێران.
ئەم دیدە دەوڵەتگەراییە، دیدێکی باوە، هەندێک کورد دژ بە کوردیش بەکاری دەهێنن لە باشور. ئەمە بە باڵاوەرگرتنی دەوڵەتە لە سەروی مرۆڤەوە. تورکیا یەکێکە لە هەرە دەوڵەتگەرا سیستەمەکانی ناوچەکە.
بەڵام دەوڵەتی تورکی گۆرانکاری بە سەردا دێت و هەروەها ناوچەکەش گۆڕانکاری بە سەردا دێت.
نوخبەی سیاسی باڵا لە ئەنقەرە، وەها بیر دەکەنەوە کە دەتوانن لە ناتۆ و چین و ڕوسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاش سودمەندبن. پاڵنەری ئەم دیدە ئەوەیە کە ڕۆژئاوا بەرەو لاوازی دەچێت، ئەوان نابێت تەنها بەشێک بن لێی بەڵکو دەتوانن بەشێکی سەربەخۆبن. هەندێک ئەمە وەها دەبینن کە تورکیا وەک فەرەنسا پاشخانێکی ئیمپراتۆری هەیە و هەرگیز هەموو هێلکەکانی ناخاتە سەبەتەی هیچ کەسێکەوە.  
ئەم خواستی جیاوازبونی تورکیایە پاڵنەری ناوەوەشی هەیە کە زاڵبونی ئیسلامی تورکی و ئیخوانییە بە تێکەڵ بونی لە گەڵ ناسیونالیزمی دەوڵەتی تورکیدا. هەموو ئەمانە پێکەوە پاڵنەری ئەوەن کە دژە ئەمریکایی و دژە ڕۆژئاوایی بڕەوی زۆری هەبێت. هەروەها بە نۆژەنکردنەوەی کۆدەردی سیڤەر، تورکەکان وەها بیربکەنەوە کە ڕۆژئاوا بە هاوکاری کورد دەیەوێت وڵاتەکەیان لێبسێنێت.
هەموو ئەمانە بە باشی دەچنە خانەی دیدەکانی ئەردۆگانەوە کە کەسێکی دژە مافی مرۆڤ و دژە دیموکراسی و دژە ئازادی و دژە مرۆڤە. ئەردۆگان وەها بیردەکاتەوە کە ڕۆژئاوا دژی ئەون، ئەویش تەنها دەیەوێت  پەیوەندی ئابوری و بازرگانی هەبێت لە گەڵیاندا، نەک پەیوەندی کەلتوریی و شارستانی.
ئەم ڕەوەتە تەبایە لە گەڵ ڕەوتی چینی و ڕوسیدا. لە تورکیا ڕەوتی ئۆراسیایی زیاتر و زیاتر بەهێزدەبێت.  لە هەمانکاتدا ئەم دیدەی تورکیا بۆ خۆی کە وەها دەبینێت وڵاتێکی ستراتیژییە و بەدیلی نیە، وەهای لە تورکیا کردوە کە سەرکێشی بکات و وەها بیربکاتەوە لە ئەنجامدا ڕۆژئاوا ناچارە سازشی بۆ بکات.
بەڵام دۆخەکە لە گۆڕاندایە
یەکەم، ڕێککەوتنی سونە و ئیسرائیل دەبێتە هۆکاری دروستبونی جەمسەرێکی بەهێز لە ناوچەکە. ئەم جەمسەرە دەبێتە جێگرەوەی جەمسەری عەرەبی کە لە ڕابوردودا میسر و عێراق ئەو ڕۆڵەیان دەبینی. ئەم جەمسەرە ڕکەبەری ئێران و تورکیا دەبێت لە ناوچەکەدا. ئەمەش کاریگەری دەبێت لە سەر جۆری پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و تورکیا. چیدی تورکیا تەنها وڵاتی گرنگی ناوچەکە نیە کە پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیلدا هەبێت. 
دیارە ئەمە نابێتە هۆکاری کۆتایی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، بەڵام گۆڕانکاری بە سەردا دێت. بێبایەخ بونی تورکیا بۆ ئیسرائیل، کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر پەیوەندی نێوان ئەمریکا و تورکیا، چونکە زۆرجار ئیسرائیل دەروازەی تورکیایە بۆ ئەمریکا. بە هۆی ئامادەیی بەهێزی ئیسرائیل لە ئەمریکا. لە دیدی کوردەوە ئەمە گرنگە، چونکە بۆ ئیسرائیل کوردیش بە بەیاخە، نەک هەر تورک.  ئەمە مەسەلەی پەیوەندی و دۆستایەتی نیە، بەڵکو هاوسەنگی هێز و جیوپۆلەتیکە.
دووەم، ئەمریکا ناتوانێت وەک جاران پشت بە تورکیا ببەستێت، چونکە نە تورکیا هاوکارە و لە هەمانکاتدا ئەگەری هەیە کە تورکیا بە هۆی نزیکی لە گەڵ ڕوسیا نەتوانێت زۆر هاوکاربێت و هەروەها زانیارییە هەستیارەکان بگاتە دەست ڕوسەکان، بە تایبەتی لە بواری تەکنەلۆجی و سەربازی و ئینتلیجینسیادا. 
لە هەمانکاتدا ئەمریکا وەک جاران پەیوەست نیە بە بنکە و خاکەوە، هەتا بێت زیاتر و زیاتر ئاسمان و ئاو بەکاردەبات. لەم ڕوەوە تورکیا بێبەدیل نیە. ئەمەش وەها دەکات کە یونان بتوانێت ڕۆڵێکی باش ببینێت لە خزمەتکردنی ئاسایشی ئەمریکا لە ناوچەکە. 
ئەردۆگان لە هەوڵی ئەوەدایە کە پەیوەندی لە گەڵ ئەوروپا و ئەمریکادا باش بکات بەڵام بە مەرجی خۆی. دانانی کەسێکی وەک مورات مەرجان بە باڵوێزی نوێی ئەمریکا لە واشنتۆن ئاماژەیە کە ئەردۆگان دەیەوێت ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆ و شەخسی بێت، چونکە مورات لە دەستەی دامەزرێنەری حیزبەکەی ئەردۆگانە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لە گەڵ ئەودا. هەرەچەندە جاران لە گویلەوە نزیک بوو. دیارە حکومەتی ئاک پارتی باوەڕیان بە دەزگای دیپلۆماسی تورکی نیە و هەروەها لە گەڵ مۆدێلی دیپلۆماسی تەقلیدیدا تەبانین. بەڵام ئیدارەی ئەمریکی نوێ ئەوەندە دۆستە تورکی تیادانیە. جگە لە  خانمێک بە ناوی ئەماندا سلۆت، کە لە بروکینز بوو، ئێستا لە  وەزارەتی دەرەوە لە بەشی باشوری ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کاردەکات، کە وەها دەبینرێت تێگەیشتنی هەیە بۆ دۆخی تورکیا، کەسی تر نیە دۆستە تورک بێت.  
بەڵام هەندێک هەن لە ئەمریکا تورکیا هاندەدەن کە ئەم ڕۆڵەی ئێستای ببینێت لە سەروی هەمویانەوە جۆرج فریدمان کە جاران لە ستراتفۆرد بوو ئێستا جیوپۆلەتیک فیوچەری هەیە. ئەم لە زیاتر لە شوێنێک تیوریزەی بونی تورکیای بە هێزێکی ئیقلیمی کردوەو وەها هانی تورکیا دەدات کە دەتوانێت دەست بە سەر بەشێکی زۆری ناوچەکانی دەروبەری خۆیدا بگرێت، چونکە وڵاتانی دەوروبەری زۆربەیان شکستیان هێناوە. جۆرج زوو زوو لە تورکیایە. 
بۆ ئەوەی مەبەستەکەمان ڕون بێت، کاتێک تورکیا ڕێگای بە ئەمریکا نەدا خاکەکەی بەکاربهێنێت بۆ هاتن بۆ عێراق لە ٢٠٠٣، ئەمریکا چی کرد، بە دوای بەدیلی تر گەڕا. ئیستاش هەمان دۆخە.
زیاتر