تورکیاو عێراق ڕێکناکەون

  30/08/2023  |    556 جار خوێندراوەتەوە

تورکیا لە هەوڵێکی چڕدایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا. هەندێک وەهای دەبینین بەشێکە لە هەوڵی وەرچەرخانی تورکیا بەرەو کەنداو، لەپێناو بوژانەوەیەکی خێرای ئابوری وڵاتەکەیدا. لە پاش هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک کۆمار ئەردۆگان هەرزوو وەزیری داراییەکەی نارد بۆ کەنداو و پاشان خۆیشی بە دوایدا ڕۆشت. وەرچەرخان بەرەو کەنداو کۆمەڵێک هۆکاری زۆری لەپشتە، لێرەدا ناچینە تان و پۆیانەوە، بەڵام هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوە لەگەڵ دەوروبەردا یەکێکە لە ستراتیژەکان، لەنێویاندا عێراقیش.

بەڵام عێراق وەک وڵاتانی کەنداو نیە. لەنێوان وڵاتانی کەنداو و تورکیا سنورو کێشەی زۆری ئاڵۆزبوونی نیە، بەڵکو ئەوەی هەبوو چەند پرسێکی بچوک و دەرەکی بوو. بۆ نمونە لەنێوان تورکیاو سعودیەدا، پرسی جه‌مال خاشقچی هەبوو، هەر زوو وەلانرا. هەروەها لەنێوان ئیمارات و تورکیا پرسی بەکاربردنی ئیخوان هەبوو، ئەویش وەلانرا.

بەڵام لەگەڵ عێراقدا پرسەکان دێرین و ئاڵۆزن. لەدوا توێژینەوەم بۆ خانەی بیری ئیماراتی، جەختم لەسەر ئەو دیدە کردەوە کە بەهۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانیانەوە، عێراق و تورکیا هەرگیز ناتوانن پەیوەندییەکانیان بگەنە ئاستی ستراتیژیی، بەڵکو هەمیشە بە نیمچەیی دەمێنێتەوە.

سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا، بەمەبەستی ئامادەسازیی بوو بۆ هاتنی ئەردۆگان، کە پلان وەهایە مانگی داهاتوو سەردانی عێراق بکات. ئەردۆگان هەتا ئێستا دووجار سەفەرەکەی دواخستوە، بەڵام ئایا لە سێیەم جاردا سەفەر دەکات؟ بەڕای ئێمە ئەگەری لاوازە، چونکە وەها دەردەکەوێت کە وەزیری دەرەوەی تورکیا نەگەشتبێتە هیچ ڕێکكەوتنێک لەگەڵ عێراقییەکاندا. گەورەترین هەنگاو لە هەموو بوارەکاندا دروستکردنی لیژنەیە، کە لە ئەدەبیاتی سیاسی عێراقیدا، یانی دێزە بە دەرخۆنە.

لەکاتێکدا چەند پرسێکی گەورەو ئاڵۆز لەنێوان عێراق و تورکیادا هەیە، بەڵام جۆرو پەیوەندی ئەم پرسانە گرنگن. هەندێک پێیان وەهایە کە پرسەکان وەک پاکێجێک وەهان و ناتوانرێت لە یەکتر جودابکرێنەوە. جوداکردنەوەی پرسەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسەی کە چارەسەر دەبێت و دواخستنی ئەوەی لە ئێستا چاره‌سەر نابێت، ڕێسایەکی باوی نێو سیاسەتی نێودەوڵەتییە.

لە هەمانکاتدا هەردوو وڵات ئەولەویەتیان جودایە. بۆ عێراق ئاو لە سەرووی هەموو پرسەکانەوەیە، بۆ تورکیا پرسی پارتی کرێکاران. بەڵام پرسەکانی تری وەک هەناردەی نەوت، یان قەرەبووکردنەوەی ئەو برە پارەیەی کە دادگای پاریس بە سەر تورکیادا سەپاندی، هەروەها ڕێگریی لە بەردەوامی دادگاکەو درێژەدان بە بەشی دووەمی دادوەرییەکە کە دەربارەی ساڵانی ٢٠١٨ هەتا ٢٠٢٣یە.

بەڕای من پرسەکان بۆ عێراق جگە لە ئاو، هەرێمی کوردستانە. لە کاتێکدا لۆجیک وەهایە کە عێراق دەستبەرداری پرسی دادگای پاریس ببێت هەتا تورکیا ئاوی زیاتری بۆ بەرداتەوە، چونکە پرسی ئاو لە عێراقدا پرسی مان و نەمانی جۆری ژیان و ژیاری ملیونان خەڵک و زەوی و زارو زیندەوەرە. بەڵام عێراق ئەوە ناکات، چونکە وەها دەبینێ کە پرسی نەوت گرنگ نیە، بە تایبەتی لە ئێستادا، کە نرخی نەوت بەرزەو عێراق، تەنها بە بڕی نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل رێگریی لێکراوە. بەڵام گرنگی پرسی نەوت بۆ عێراق لە ئەوەدایە کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پێگەی هەرێمی کوردستانەوە. پلانی ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق ئەوەیە کە هەموو پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبهێنێت و بیکات بە یەکەیەکی ناوخۆیی دابڕاو لە دەرەوە.

لەم پێودانگەوە، عێراق پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم وەک پرسێکی جیوپۆلەتیکی دەبینێت لەنێوان هەردوولاداو نایەوێت هەرێم و تورکیا پەیوەندییان باش بێت، چونکە بە دیدی ئەوان تورکیا سەرچاوەی بەهێزبوونی هەرێم بوو لە ڕابردوودا. ئەم پلانە هەروەها ڕەهەندی ئیقلیمیشی هەیە.

بۆیە بەغدا لە ئێستادا نایەوێت و هەروەها ناشتوانێت لە قەرەبووەکان خۆش بێت و لە کەیس دادگای پاریس بکشێتەوە. دیارە تورکەکان پرسی پارتی کرێکاران زۆر دەهێننە بەرباس. بەڵام بەڕای من پرسی پارتی کرێکاران پرسێکی جیدیی نیە بۆ ئێستای تورکیا. ئێستا پارتی کرێکاران لە دەرەوەی تورکیایە. تورکیا ئەم پرسە بەکاردەبات وەک ئامرازی فشار بۆسەر عێراق هەتا ناچاری بکات بە سازش لەبواری تردا.

دیارە لە ڕوانگەی جیوپۆله‌تیکی فراوانەوە، تورکیا ئامانجێک و دوو خەمی هەیە، ئامانجی تورکیا ئەوەیە بگاتە قوڵایی جیهانی عەرەبی سوننە. دوو بەربەرست لەبەردەم ئەم گەیشتنەدا هەیە، یەکەم، ئەگەری دروستبوونی پشتێنەیەکی کوردی بوو لە سنوری ئێرانەوە هەتا عەفرین، دووەم دروستبوونی پشتێنەیەکی شیعەیە لە تارانەوە بۆ بەیروت. تورکیا ئەم پشتێنانە وەها دەبینێت کە بەربەست دروستدەکەن لەبەرامبەر تورکیادا بۆ گەیشتن بە پارەو بازاڕو سامانی وڵاتانی کەنداو. هەر لەم ڕوانگەیەوەیە کە تورکیا پرۆژەی ڕێگای گەشە بە بایەخێکی زۆرە مامەڵە دەکات، چونکە ئەو پرۆژەیە، ئەو دوو پشتێنەیە کون دەکات و تورکیا ڕاستەوخۆ دەگەیەنێتە کەنداو.

دیارە لە ئێستادا تورکیا، عێراق خۆی وەک چەشەیەکی گەورە دەبینێت کە خاوەنی داهاتی زۆرە بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوە و هەروەها پێویستی بە بونیادنانەوەو کاڵاو ئاو و خۆراک و شمەکی زۆرە. وەک بینیمان کاتێک وەزیری نەوتی عێراقی لە تورکیا بوو، یەکەم شت وەزیری تورکی هاوتا کردی لێخوڕینی ماشینی کارەبایی تورکی بوو، وەک جۆرێک لە ڕێکلام بۆ کاڵای تورکی لە عێراق. بەڵام عێراق ناتوانێت سازش بکات چونکە حکومەتی چوارچێوەی هەماهەنگی لاوازەو چاوی موقتەدا سەدری بەسەرەوەیە بۆ هەر سازشێک لەگەڵ وڵاتانی تردا، وەک لە کەیسی کوێتدا بینیمان، دەبێتە مایەی ڕەخنەو هێرشی زۆر، بە تاتیبەتی لە سەروبەری هەڵبژاردندا.

هەروەها هەبوونی هەڵبژاردنی ناوخۆیی عێراق و تورکیا وەها دەکات کە هەردوولا، نەتوانن واقییعیانە مامەڵە بکەن. بۆ تورکیا، بەتایبەتی لە ڕوانگەی هەڵبژاردنەوەی پرسی شەڕی کورد گرنگە. بۆ عێراق سازش نەکردن. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەگەر هەردوولا خۆیان نەگەنە ڕێکكەوتن چی دەبێت؟

یەکەم، زۆرجار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاتێک پرسی وەها دێتە ئاراوە، لایەنێکی نێودەوڵەتی دێتە ناو پرسەکەوە. ئایا ئەمریکا ڕاستەوخۆ دێتە ناو ئەم پرسەوە؟ هەرچەندە ئەمریکا نایشارێتەوە کە پشتیوانی هەناردەی نەوتی کوردستانە، بەڵام لەوە زیاتر هیچ هەنگاوێکی نەناوە. هەمیشە هەوڵ هەیە وەک لۆبی بۆ ئاشتبونەوەی تورکیاو ئەمریکاو پشتبەستنی ئەمریکا بە تورکیا. دوا نوسین لە ڕۆژنامەی هیڵ، کە تایبەتە بە کۆنگریس بەو ئاڕاستەیە بوو.

دووەم، گرەو لە سەر مەترسی ڕۆخانی هەرێمە. وەک ئەو نوسینەی لە گۆڤاری فۆرین پۆلسەی کە لەلایەن پارێزەرێکی تورکەوە نوسرابوو، دیار بوو دیسانەوە جۆرێک بوو لە کاری لۆبیی. بەپێی ئەم دیدە، ئەگەر عێراق و تورکیا نەگەنە ڕێکكەوتن و مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمدا باش نەبێت ئەوا مەترسی لەسەر هەرێم هەیە. بە کەوتنی هەرێم دۆخێکی ناسەقامگیریی بەرفراوان لە ناوچەکە دروست دەبێت، بۆیە وڵاتان دەبێت لەم پرسەدا دەستوەردان بکەن.

وەها دیارە پارتی قومار لەسەر ڕێکنەکەوتنی تورکیاو عێراق دەکات، کە لە ئەنجامدا وەها دەکات تورکیا جارێکی تر پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمدا وەک جاران لێ بکاتەوە. من ئەم ئەگەره‌ بە دوور دەبینم. تورکیا بەهۆی سیاسه‌تە بەرفراوانەکەی دەیەوێت دەستی بگاتە عێراق و کەنداو نەک تەنها هەرێم. لە ڕابردوودا کە ئابوری باش بوو، پەیوەندی لەگەڵ هەرێمدا بەس بوو، بەڵام ئێستا دۆخی ئابوری پرسەکەی گۆڕیوە. بەڵام بەهۆی پشتێنەی شیعەوە، هەروەها بونی ڕکەبەری ئیقلیمی لەگەڵ ئێراندا، تورکیا ناتوانێت بە ئاسانی بەم ئامانجەی بگات.

زیاتر