رۆحانی: تۆمارە دەنگییەکەی زەریف لەلایەن پیسترین تۆڕی دژ بە ئێران بڵاوکراوەتەوە

  2021-04-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کاردانەوەکان بۆ بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بەردەوامە و سەرۆک کۆماری ئێرانیش دەڵێت، بەشێک لەو بابەتانەی کە لەناو تۆمارە دەنگییەکەدا باسیان لەبارەوە دەکرێت، بۆچوونی ئەو و حکومەتەکەی نییە.

لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەکانی دەوڵەت، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ئەو تۆمارە دەنگییەی چەند رۆژ پێش ئێستا بڵاوبووەوە، لەلایەن پیسترین تۆڕی دژ بە ئیسلام و دژ بە ئێران بڵاوکراوەتەوە.

ئاماژە بەوشکرد، ئەو تۆڕە لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی ماددی دەکرێت و هەموانیش دەزانن، ئەوانە کەسانێکن کە راستیی و درۆ تێکەڵ دەکەن، بۆ ئەوەی ناکۆکی و پشێوی لەناو کۆمەڵگادا دروست بکەن و یەکڕیزی و یەکپارچەیی کۆمەڵگا تێکبدەن.

سەرۆک کوماری ئێران داواشی  لە وەزارەتی ئیتلاعاتی وڵاتەکی کرد، بە وردی لێکۆڵینەوە لە بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە بکات و راشیگەیاند، "دزینی ئەو تۆمارە دەنگییە دەبێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، چونکە راست لەکاتێکدا ئاشکراکرا کە دانوستانەکانی ڤیەننا بەڕێوەدەچێت و ئەوەش بۆ ئەوەیە لەناوخۆی وڵات ناکۆکی دروست ببێت".

حەسەن رۆحانی ئاشکراشیکرد، بڕیاربووە بەشێک لەو تۆمارە دەنگییە بڵاوبکرێتەوە و بەشێکی دیکەی بەشێوەی نهێنی بمێنێتەوە، وتیشی، بەشێک لەو بابەتانەی لەناو تۆمارە دەنگییەکەدا وەزیری  دەرەوی ئێران باسیان لەبارەوە دەکات، ڕای کەسی خۆیەتی و پەیوەندی بە رۆحانی و حکومەتەکەیەوە نییە.

چەند رۆژ پێش ئێستا تۆمارێکی دەنگی دزەیپێکراو گەیشتە دەست میدیاکان کە نهێنی و بیر و ڕای جیاوازی دوو سەرکردەی کاریگەری ئێران، قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرا دەکات و کاردانەوەیەکی زۆری لەنێو میدیاکانی ئێراندا لێکەوتەوە.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆمارێکی دەنگی سێ کاتژمێریدا کە باس لە مێژووی کاری ئیدارەی رژێمی ئێستای ئێران دەکات دەڵێت "لە کۆماری ئیسلامیدا، سوپا فەرمانڕەوایی دەکات."

لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەردەکەوێت، وەزیری دەرەوەی ئێران، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەوە تۆمەتبار دەکات کە گوێی بە ئامۆژگارییەکان نەداوە و چەندین بڕیاری حکومەتی ئێرانی جێبەجێنەکردووە و پشتگوێیخستوون و ئەمەش بووەتەهۆی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی تاران.



ڕیکلام