زەینەب سولەیمانی بۆ جەواد زەریف: باجی گۆڕەپان بۆ خزمەتی دیپلۆماسیەت بووە

  2021-04-28  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
زەینەب سولەیمانی کچی قاسم سولەیمانی، سەرکردەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ڕەخنەی لە لێدوانەکانی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی گرتووە، لەسەر ئەو قسانەی کە لەسەر باوکی کردوونی لەسەر تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکەدا.

زەینەب سولەیمانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند "باجی گۆڕەپان لە پێناو دیپلۆماسیەتدا بووە"، لەگەڵ تویتەکەشیدا وێنەیەکی دەستە قرتاوەکەی باوکی داناوە.

ئەو هەڵویستەی کچەکەی قاسم سولەیمانی لە کاتێکدایە، ماوەی دوو ڕۆژە سەرجەم ئاژان و ناوەندە میدیاییەکانی نزیک لە سوپای پاسداران، رەنخنەی توند ئاراستەی  وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان دەکەن، لەسەر ئەو قسانەی کە لە تۆمارە دەنگییەکەیدا   وتوونی.

لەو بارەیەوە ئاژانسی فارس نیوز بڵاویکردووەتەوە، لای کەس شاراوە نییە، کە هەڵوێستەکانی زەریف پێچەوانەی ئاراستەی گشتی شۆڕشی ئیران بووە، لەو تۆمارە دەنگییەشدا بە ڕوونی دەرکەوتووە.

لە لایەکی ترەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نووسیویەتی "ئایا دزەپێکردنی ئەو تۆمارە دەنگییە پلان بۆ داڕێژراوە و بۆ ئەوەی کاریگەریی هەبێت لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی".

هاوکات سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەربارەی تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکەی زەریف رایگەیاند "تۆمارە دەنگییەکە ماوەکەی ٧ کاتژمێرە، بەڵام دۆسیەیەکی پەرت پەرتکراوە، یان کۆمەڵێک لە قسەکانی هەڵبژێردراوە، کە بە هیچ شێوەیەک ئاماژە نییە بۆ پێزانین و ڕێزی گەورەی وەزیری دەرەوە بۆ ڕۆڵی شەهید قاسم سولەیمانی".

محەمەد جەواد زەریف لەو تۆمارە دەنگییەدا ڕایگەیاندووە، قاسم سولەیەمانی کۆنترۆڵی وەزارەتی دەرەوەی کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئێرا ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی پێشووی فەیلەقی قودس دیپلۆماسیەتی کردووەتە قوربانی ئۆپراسیۆنە مەیدانییەکانی سوپای پاسداران.



ڕیکلام