ئەمریکا ژێردەریاییەکی ئەتۆمیی رەوانەی ئاوەکانی کەنداو کرد

  2020-12-21  | 
کەنداو
ئەمریکا کەشتییەکی ژێردەریایی ئەتۆمیی رەوانەی ئاوەکانی کەنداو کرد
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمریکا ژێردەریاییەکی ئەتۆمیی تەیارکراو بە سیستمی موشەکی تۆماهۆک-ی رەوانەی ئاوەکانی کەنداو کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی١٢ی٢٠٢٠، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ژێردەریایی ئەتۆمیی (یو ئێس ئێس جۆرجیا) کە تەیارکراوە بە سیستمی موشەکیی تۆماهۆک، بەیاوەری لەگەڵ  دوو کەشتی جەنگی دیکە کە هەڵگری سیستمێکی موشەکی هاوشێوەن، رەوانەی ئاوەکانی کەنداو کراون و گەرووی هۆرموز-یان تێپەڕاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رەوانەکردنی ژێردەریایی ئەتۆمی (یو ئێس ئێس جۆرجیا) بۆ ناوچەی کارکردنی کەشتیگەلی دەریایی پێنجەمی ئەمریکا، پیشاندەری توانای هێزی دەریایی ئەمریکایە بۆ گوزەرکردن و جێبەجێکردنی ئوپراسیۆنەکان تا ئەو شوێنانەی کە یاسای نێودەوڵەتی رێگەی پێدەدات.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بوونی ژێردەریایی ئەتۆمیی لە ئاوەکانی کەنداو، جەختکردنەوەیە لە پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاسایشی هاوپەیمانان و پاراستنی ئاسایشی دەریایی لە دژی هەر هەڕەشەیەک.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ژەنەڕاڵ کەنت مەکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا هۆشداریدایە ئێران و رایگەیاند، "بەنزیکبوونەوە لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانی، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانمان، ئامادەی هەر جۆرە کاردانەوەیەکین و وەڵاممان دەبێت".