وەزیری بەرگری توركیا كۆتایی هاتنی شەڕی گارەی راگەیاند

  2021-02-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
توركیا كۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنەكەی لە چیای گارە راگەیاند و بانگەشەی ئەوە دەكات كە 43 گەریلای "كوشتووە و 2 گەریلاشی بەدیل گرتووە"، هێزەكانیشیان بە سەلامەتی گەیشتونەتەوە بنكەكانی خۆیان.

خەلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا، كۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنەكەیانی لە چیای گارە راگەیاند وتی لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەكەدا 48 گەریلا كوژراون، كە سێ كەسیان پلەی بەرزی جێبەجێكاریان هەیە، دوو گەریلاش بە دیلی گیراون. 

وەزیری بەرگری توركیا راشیگەیاندووە ئەو ناوچەیەی ئەوان ئۆپراسیۆنەكەیان تیادا ئەنجامداوە بەشێوەیەكی فراوان پاككراوەتەوە ئۆپراسیۆنەكە "زۆر تایبەت بووە". 

ئاكار لە شاری شرناخەوە كە دوێنێ گەیشتە ئەو ناوچەیە كە ناوچەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆی دوو بوو، وتیشی هێزە ئاسمانی و وشكانیەكانیان بەشێوەیەكی سەلامەت گەڕاونەتەوە بۆ بنكەكانی خۆیان. 

هەرچەندە پێشتر میدیكانی نزیك لە پەكەكە رایانگەیاندبوو سوپای توركیا شوێنی ئەو دیلانەی بۆردومانكردووە كە لە چیای گارە بوون، لەو بارەیەشەوە وەزیرەكەی توركیا وتی 13 كەسی سڤیل لە نێو ئەشكەوتێكدا دۆزرانەوە كە لەلایەن پەكەكەوە رفێندرابوون و كوژرابوون. 

 تا ئێستا هێزەكانی پاراستنی گەل هیچ روونكردنەوەیەكی لەبارەی كۆتایی هاتنی ئەو شەڕەوە بڵاونەكردووەتەوە، بەڵام پێشتر رایگەیاندبوو كە هێزەكانی توركیا كە لە رێگەی هێلیكۆپتەر و فرۆكەوە دابەزێندرابوون لەلایەن گەریلاكانیانەوە ئابڵوقە دراون و توركیا بۆ رزگاركردنیان بەشێوەیەكی بەردەوام بۆردومانی ناوچەكە دەكات. 

ئەو لەبارەی ئۆپراسیۆنەكەیانەوە وردەكاری ئاشكرا كرد وتی، زیاتر لە 50 ئامانج لە ئۆپراسیۆنی ئاسمانی هێرشیانكراوەتەسەر، ئامانجی ئۆپراسیۆنەكەش باسی لەوە كرد كە دەمانەوێت ئاسایشی سنورەكەمان مسۆگەر بكەین و زانیاری هەواڵگریشمان هەبوو دەربارەی ئەو هاوڵاتییانەی خۆمان كە ڕفێندرابوون، پێشتر بە هۆكاری ئەمنی ئاشكرا نەكران. 

لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا كە هەریەكە لە یەشار گولەر و سەرۆك ئەركانی سوپا و ئومێد دوندار و فەرماندەی هێزی وشكانی و عەدنان ئۆزبال، فەرماندەی هێزی دەریایی و حەسەن چوكوكاكویز فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئامادەی بوون. 

خەلوسی وتیشی:لە سەرەتاوە فرۆكەكانمان 50 ئامانج كە پێكهاتوون لە پەناگە و شوێنی چەك و تەقەمەنی، بە سەركەوتوویی تێكشكێنران، ئەو ئۆپەراسیۆنە، لێدانێكی قورسی لە بوونی ئەو گروپەدا لە ناوچەكە، دوای پێكدادانێكی چڕ ئەشكەوتێكمان كۆنتڕۆڵكرد گەیشتینە ئەو 13 هاوڵاتییە دەستبەسەرە ئەو كەسانەشی كە هاوڵاتیە دیلەكانیان كوشتووە كوژرانەوە. 

هاوكات یەشار گولەر، لەبارەی وردەكاری هێرشەكەیان رایگەیاند: ڕووبەری ئۆپەراسیۆنەكەمان نزیكەی گەورەترین هەرێمی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە تا ئێستا ئەنجاممان داوە، 75 كیلۆمەتر پان و قوڵایی 25 كیلۆمەترە. 

گولەر ڕایگەیاند،  شوێنی ئەشكەوتەكە بە تایبەت دەستنیشان كراوە، لە 10ی شوبات بە 41 فڕۆكە هەڵمەتی ئاسمانی بۆ لەناوبردنی هەموو ئەو ئامانجانەی لە هەرێمەكەدا دیاریكراون لە یەك كاتدا دەستی پێكردوە دیسان لە 04.55ی ڕۆژی 10ی شوباتەوە ئۆپەراسیۆنی زەمینیمان دەستپێكرد، لە یەكەم پەیوەندیدا سێ كەسمان لێكوژرا و سێكەسی دیكەشمان برنیداربوون. 

ئەو وتیشی: لە ڕۆژی یەكەم و دووەمی ئۆپراسیۆنەكەدا پێكدادانەكان بە هەمان شێوە بەردەوام بوون لە رۆژی سێهەمدا گەیشتنینە ئەشكەوتەكە  ئەو ئەشكەوتەش "3 دەروازە، 9 ژوور و 7 دەروازەی ئاسن لە ئەشكەوتەكە هەبوون هەروەها زیگزاگی بەردەوام لە ئەشكەوتەكە هەیە. هەندێك خاڵ بەرزی1.20 مەترە، بەشێوەیەك دروستكراوە كە خەڵك تەنها دەبێت بە پێ بڕۆن و سەر سك یان بە چۆكدا بڕۆن، دیارە دوای ماوەیەكی زۆر لە كاركردن ئەم ئەشكەوتە دروست كرا لە ڕۆژی سێیەمدا یەكێك پاش نیوەڕۆ هەوڵیدا لە ئەشكەوتەكە هەڵبێت، بە دیلی لە لایەن هێزەكانمانەوە گیراوە ڕۆژی چوارەمیشدا كەسێكی دیكە بە هەمانشێوە هەوڵی هەڵهاتنیداوە بەڵام دەستیگركراوە". 




ڕیکلام