سۆرانی  |  بادینی  |  English      

موقتەدا سەدر: موشەكەكانی هەولێر و هەڕەشەكانی توركیا بۆ دواخستنی سەردانی پاپایە

  2021-02-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند هەڕەشەكانی توركیا لە شنگال ئەو هێرشە موشەكیەكی كرایە سەر هەولێر بۆ رێگرییە لە سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق.

موقتەدا سەدر، لە تویتێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، دەڵێت "هێرشە بێ پاساوەكەی سەر هەولێر و ئەوەی لە شنگال روودەدات لەگەڵ گەمارۆدانی فڕۆكەخانەكانی باشوری عێراق سەرەتایەكە بۆ دواخستنی سەردانی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق".   

ناوبراو لێكدانەوە بۆ ئەو كردەوانەش دەكات و گومانی ئەوەشی هەیە پێشەكییەك بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

رێبەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەداوە، بەهیچ شێوەیەك دەستێوەردانی دەرەكی لە هەڵبژاردنەكان قبوڵ ناكات، لەبارەی هەڕەشەكانی توركیاش بۆ شنگال دەڵێت، لەسەر حكومەت پێویستە سەرنجی لای ئەوە بێت و بە خۆپارێزی و داناییەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكات.

ئەو جارێكیدیكە سورە لەسەر هەڵوێستەكانی پێشتری و دەڵێت: قبوڵم نەكردووە و قبوڵی ناكەم لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەستێوەردان لە كاروباری عێراقدا بكرێت و دەستدرێژیشی بكرێتەسەر. 

هاوكات دەشڵێت: رازی نەبووم و نابم كە عێراق ببێتە سەرچاوەی دەستدرێژی بۆسەر وڵاتانی دراوسێ. ئەگەر لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا كێشەی هەڵپەسێردراو هەبێت، پێویستە حكومەت بە گفتوگۆ چارەسەریان بكات. 

بەگوێرەی بەرنامەی راگەیەندراو پاپا فرانسیس، لە 5ی مانگی داهاتوو دەگاتە بەغدا و رۆژی دواتر سەردانی نەجەف دەكات و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجی باڵای شیعەكان كۆببێتەوە. 

هەر بەگوێرەی ئەو كارنامەیەی ئاشكراكراوە پاپا لە 7ی ئازار سەردانی هەولێر دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆ دەبیچتەوە و سەردانی مەسیحیەكانی ئەو شارەش دەكات.