ترەمپ لەڕاستیدا دەیەوێت ئێران بهێنێت بە چۆکا بەبێ شەڕ

  26/02/2026  |    483 جار خوێندراوەتەوە

وەھا چاوەڕوان دەکرا لە دۆناڵد ترەمپ وتاری دۆخی فیدڕاڵی ئەمریکا بکاتە ساتەوەختێک کە تیایدا کەیسی هێرش کردن بۆ سەر ئێران پەرەپێبدات. بەڵام سەرباری دوورودرێژی وتارەکەی وەھا نەبوو. زۆر زیاتر ڕووی لە ناوەوەی ئەمریکا و پرسی هەڵبژاردنەکانی نێوەندیی کۆنگریس بوو.

چەند شتێکی جێگەی سەرنجە کە ڕەنگە یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی کەمێک تێبگەین لە بڕیارنەدانی ترەمپ:

یەکەم، بۆ یەکەمجار لەم ئیدارەی دووەمی ترەمپدا دزەپێکردنی زانیاریمان بینی. کاتێک ترەمپ، دان کەینی بینی، کە دژایەتی هەبوو لە نێوان قسەکانی ئەو و قسەکانی ترەمپدا. 

بونی دژایەتیەکە گرنگە، بەڵام لەم ساتەدا دزە پێکردنەکە خۆی کەمتر گرنگ نیە. دزە پێکردن بەشێکە لە نەریتی سیاسی واشنتۆن.بە گشتی دزەپێکردن بۆ کۆمەڵێک مەبەستە، بەڵام لێرەدا ڕوونە کە مەبەست لێی چەند شتێکە، لەوانە بونی ڕای جیاواز لە ناو کابینەکەدا. دزەپێکردنی ئەو جیاوازیانە بە مەبەستی وروژانی دەرەوەی کابینەکەیە بۆ فشار لە سەر کابینەکە بە ئاراستەی دژایەتی شەر لەم پرسەدا. هەروەها نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا بڕیار نەدراوە.

هەموو ئەمانە پێکەوە ئاماژەن کە ترەمپ لە ڕاستیدا دەیەوێت ئێران بھێنێت بە چۆکا بەبێ شەڕ. بەڵام لە ئەنجامی ئەمەدا خۆی خستوەتە سوچەوە یان خۆی خستوەتە ناو بۆکسێکەوە، ئێستا بژاردەکانی یان دەبێت ئێران ناچار بە وازهێنان لە پرسی ئەتۆمی بکات یان شەڕ بکات. بەڵام ئەو دەیەوێت بەبێ شەڕ بگاتە ئەوە. وەک ووتی، هێشتا ئێران ئەوەیان نەگوتوە. دیارە ئەمڕۆ دیسانەوە دیدارە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، ڕەنگە ئێران ئەوە بڵێت کە ترەمپ دەیەوێت.

دیارە ئێران کێشەی نیە بڵێت واز لە چەکی ئەتۆمی دەهێنێت لە ئێستادا، بەڵام نایەوێت دوو شت بڵێت: یەکەم، نایەوێت بڵێت بۆ هەمیشە واز لە بونیادنانی چەکی ئەتۆمی دەهێنێت، دووەم نایەوێت بڵێت دەستبەردای مافی خۆی دەبێت لەو بارەوە.

ئاماژەیەکی تر جێگەی سەرنجە، سەردانە پێشوەختەکەی نەتانیاهوو بوو. وەک دەڵێن نەتانیاهو، دەبوو هەژدەی مانگ سەفەری بکردایە، بەڵام سەفەرەکەی پێشخست لە ترسی ئەوەی نەبادا ترەمپ ڕێکەوتن لە گەڵ ئێراندا واژۆ بکات. وەک سایمۆن ھێرش نوسیبوی هێندە بە پەلە هاتبو، سارای ژنی لە بیرچووبوو. 

وەها دیارە ئیسرائیلیەکان هەست دەکەن ڕێکەوتن دەبێت بەڵام فشار بۆ ئەوە دەکەن کە چەکی بالیستی بەشێک بێت لە ڕێکەوتنەکە.

لە هەمانکاتدا وڵاتانی کەندا و تورکیا زۆر بەچڕی فشار دەکەن بۆ هێرش نەکردن، چونکە دەترسن دۆخەکە لە دەست دەربچێت و ئەمریکای ترەمپ هێندە بەلایەوە گرنگ نیە کە بایەخ بە قەیرانی ئەوانیتر بدات.

ئەوانەی دەیانەوێت ترەمپ قەناعەت پێبکەن ئەوە دەڵێن کە هەرگیز ساتەوختی وەھا گونجاو نەبوە، ئێران لە قەراخەکەیدایە و تەنها پاڵێکی پێویستە بۆ ئەوەی بە تەواوی بکەوێت.

دیارە بۆ ترەمپ گۆڕینی ئێران لە بەر هۆکاری خراپی بۆ ناوچەکە و خەڵکەکەی جێگەی بایەخ نیە. جەماوەری ترەمپ یان ماگا، نە بڕوایان بە دیموکراسی هەیە و نە بڕوایان بەوە هەیە کە دەستوەردانی ئەمریکا لە دونیادا پێویستە.

بۆیە ترەمپ دەخوازێت بە خێرایی شتێک بکات، کە دەستکەوتێکی هەبێت و ئەمریکا توشی شەڕ نەکات. هەتا ئێستا نەگەشتوەتە ئەو قەناعەتەی کە ئەوە مسۆگەر دەبێت. 

لە ئێران ئەگەر ڕژێمەکە نەگۆڕێت گۆڕانکاری نابێت. ترەمپیش دژ بە پرۆسەی گۆڕینی ڕژێمە. دەیەوێت سەرکردە بگۆڕێت، بەڵام لە ئێراندا هەتا ئێستا سەرکردەی وەهای نیە. 

ئەوەی ئاڵۆزە ئەوەیە کە ترەمپ دۆخەکەی بردوەتە ئاستێک ئەگەر هیچ نەبێت ئەوا زۆر بە سودی ئێران دەشکێتەوە، ئەگەر هێرشێکی کەمیش بێت، ئەوا ئێران سازش ناکات، ئەگەر بیەوێت ڕژێم بگۆڕێت ئەوا بە ڕۆژ و هەفتە لە کۆڵی نابێتەوە.

ئەمەیە دۆخی ڕاڕایی بەندکراو، prisoner dilemma.

زیاتر