وەرگرتنی ئەزمون لە شکسی دانەگاز

عەلی حەمە ساڵح

پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
  06/02/2021  |    3381 جار خوێندراوەتەوە

 هەرێمی كوردستان لە گازی سروشتیدا لە پلەی هەشتەمی جیهاندایە، بەڵام حكومەت لەبری ئەو سامانەی كە ئاییندەی هەرێمی كوردستانە، هێشتا چاوی لەسەر نەوت هەڵنەگرتووە، تاكە سودمەندی گازی سورشتی هەرێمی كوردستانە تەنها دانەگازە، سەرەرای ئەوەی ئەو كۆمپانیایە هیچ داهاتێكی نەخستووەتە خەزێنەی حكومەتەوە، بەڵام حكومەت دوو ملیار دۆلاریشی پێ دۆڕاندووە ".

بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان، بەدیلی بەهێز (گازی سروشتی)ە، كە (٣٪‏ ) گازی سروشتی هەموو جیهان لە هەرێمی كوردستانە، پلانێكی تۆكمە بۆ وەبەرهێنان لەو بوارەدا كوردستان دەباتە قۆناغێكی ترەوە.. بەڵام ئەگەر سود لەو هەڵە كوشندانەی دۆسیەی دانەگاز وەرنەگیرێت ئەم ڕەحمەتە دەبێتە نەفرەتێكی گەورە.. تائێستا داهاتی گازی سروشتی سفرەو زیاتر لە (دوو ملیار) دۆلاریش بە دادگا دراوە بە دانەگاز ..

مۆتەكەی دانەگاز ..

كۆمپانیای دانەگاز ساڵی ٢٠٠٥ لە ئیمارات دامەزراوە سەرەتا لە ئیمارات كاریان دەكرد، دواتر هاتنە هەرێمی كوردستان ..

كۆمپانیای دانەگاز لە كێڵگەی كۆرمۆر كاردەكات، كە  (٤٥ )كم لە كەركوكەوە دورە، لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، درێژی ئەم كێڵگە ٣٥ كم پانیەكەی ٤ كم ە .

ئەم كێڵگەیە ساڵی ١٩٢٩ دۆزراوەتەوە، تاوەكو ئابی ١٩٩٠ پێنج بیر لێدرا، واتە: قادر كەرەم كێڵگەیەكی دۆزراوە بوە، دانەگازو هاوبەشەكانی تەنیا بە فراوانكردن و ئیدارەدان بون بە خاوەنی ئەو كێڵگەیە ..

دانەگاز بەبێ گرێبەست دەستبەكاربوو؟

داناگازو هاوبەشەكانی وەك خاوەنی كێڵگەی (قادر كەرەم) دەردەكەون، ئەوەی  ئەم كۆمپانیایە لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا هەیەتی  بریتیە لە ڕەشنوسی گرێبەست (Heads of Agreement) ، لە هیچ شوێنێكی یاسای نەوت و گازدا شتێك نیە بەناوی ڕەشنوسی گرێبەست؟ لە هەموو جۆرە گرێبەستە نەوتی و گازیەكاندا بە چاك و بەخراپ شتێك نیە بە ناوی ڕەشنوسی گرێبەست !

كەواتە لە پێناو چیدا ئەمە كرا؟

كێڵگەی قادر كەرەم سێ جۆر بەرهەمی هەیە

یەك : LPG (غازی ماڵان) ئەم بەرهەمە دانەگاز خۆی دەیفرۆشێت و كۆی پارەكەی بۆ خۆیەتی، بەرهەمی ڕۆژانەی (هەزارو 70) تەنەو هەر تەنێك بە( 305) دۆلار دەفرۆشێت و داهاتی مانگانەی (٩ ملیۆن و ٧٩٠ هەزار) دۆلارە !

پار ساڵ دانەگاز تەنی گازی بە (٢٨٥ دۆلار) فرۆشتووە و ئەم ساڵ كردویەتی بە (٣٠٥ )دۆلار، ئەم زیادكردنەو بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بووە بەهۆكار بۆ گرانكردنی غازی ماڵان لەسەر هاوڵاتیان لەم دۆخە قەیراناویەدا ..

هەرچەندە ئەمە موڵكی خەڵكی كوردستانە، بەڵام ئێستا بەروارد بەو گازەی  لە كەركوك بەرهەمدێت نرخی غازی ماڵانی قادر كەرەم گرانترە، بۆیە ئەركی حكومەتە سنورێك بۆ ئەم گرانكردنە دابنێ و بیگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشوی و سیستمی فرۆشتنی دابنێ .

دوو: كۆندێن سەیت، بەرهەمی ڕۆژانەی( هەزارو 753) تەنە، حكومەتی هەرێم هەمووی دەكڕێتەوە تەنی بە (370) دۆلار و دەیكاتە ناو بۆری نەوتی كوردستان بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی نەوت.. داهاتی مانگانەی (١٩ ملیۆن و ٤٥٨ ھەزار) دۆلارە ..

سێ: ئەو گازی سروشتیەی بۆ كارەبا بەكاردێت ..

بەرهەمی گازی سروشتی (٤٤٥ ملیۆن) پێ سێجایە، لەم بڕەیە (٣٠٥ ملیۆن) پێ سێ جا بێ بەرامبەر دەدەنە حكومەتی هەرێم و ئەوی دیكەی بە پارەیە .

جگە لەو بڕەی حكومەتی هەرێم كوردستان بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا وەریدەگرێت تاوەكو ئێستا داهاتی حكومەت سفرە، دانەگازیش جگە لەوەی مانگانە (٣٠ ملیۆن) دۆلار قازانجیەتی و لە دادگاش (٢ ملیارو ٢٣٩ ملیۆن) دۆلاری لەحكومەتی هەرێم بردەوەتەوە تاڕادەیەكی زۆریش دەتوانێت هەڵسوكەوت بە بەرهەمی كێڵگەكەوە بكات، بەشێوەیەك ئەوەندە داناگاز وەك خاوەنی ئەم كێڵگە هەڵسوكەوت دەكات، حكومەتی هەرێم نایكات .

دادگای واشنتۆن و بەڵایەكی تر

لە ٢٠١٧/٥/١ دانەگازو هاوبەشەكانی لە دادگای واشنتۆن سكاڵایەكی دیكەیان لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركرد، داوای (٢٦ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن) دۆلاریان لە حكومەتی هەرێم كرد.. دانەگازو هاوبەشەكانی سكاڵاكەیان كشاندەوە لە بەرامبەر، چەند دەستكەوتێكی دیكە بۆ دانەگاز ..

یەك: ماوەی گرێبەستی داناگاز (١٧ )ساڵی دیكە درێژبكرێتەوە تاوكو ٢٠٤٩ .

دوو: فراوانكردنی ناوچەی گرێبەستەكە بە زیادكردنی هەردوو بلۆكی (١٩و ٢٠) بۆ سەر ناوچەی ٢٠٠٧ .

سێ: جگە لە LPG  و كۆندێن سەیت كە داناگاز بۆ خۆی دەفرۆشێت، حكومەتی هەرێم هەڵدەستێت بە كڕینی ٥٠٪‏ ئەو گازە زیادەی بەرهەم دەهێندرێت بۆ وێستگەكانی كارەبا، ئەو (٥٠٪‏ )دەمێنێتەوە دانەگازو هاوبەشەكانی بە بازاڕی دەكەن ...

لە ڕووی دارایی و ئیداری و حوكمڕانیەوە دانەگاز خراپترین گرێبەستە كە لە خزمەتی كۆمپانیادایە، بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی داناگاز، گرنگ و پێویستە  وەبەرهێنان لە كێڵگە گەورەكانی گاز دەستپێبكات.. هێزی گەورەی ئابوری كوردستان گازی سروشتیە نەك نەوت .

ئێستا وەبەرهێنان لە خورمەڵە دەستی پێكردوە، چەندین كێڵگەی گەورەهەن بۆ وەبەرهێنان..لەوانە: (میران و چەمچەماڵ و بنەباوی، عەربەت، تۆپخانە، كوردەمیر، شاكەل).

كوردەمیرو تۆپخانە دوو هێندەی كۆرمۆر غازی پاكیان هەیەو تۆپخانە ئامادەیە بۆ كاركردن ..

یەدەگی گازی سروشتی كوردستان جێگای سەرنجە !

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی سامانەسروشتییەكان، هەرێمی كوردستان خاوەنی یەدەگی ( 200 تریلیۆن) پێ سێجا یان بە واتایەكی تر ( 5 تریلیۆن و 700 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی گازی سروشتییە، ئەمەش 3%ی یەدەگی گازی دنیا پێك دەهێنێت .

ئەگەر ئەم ئامارە وەك پێوەر وەربگرین، هەرێمی كوردستان لە دوای رووسیا و ئێران و قەتەڕو و ئەمریكاو سعودیەو توركمانستان و ئیمارات هەشتەم دەوڵەمندی دونیایە بە سامانی گازی سروشتی، ئەگەر ڕێژەی یەدەك بەراورد بە دانیشتوان دابنێین، هەرێمی كوردستان لە لوتكەدایە 

دەزگای پشكنینی جیۆلۆجی ئەمریكا (USGS ) بۆی دەركەوتوە كە سەرچاوە نەسەلمێنراونەكانی گازی سروشتی تەنھا لە ناوچەی زاگرۆس كە دەكەوێتە هەرێمی كوردستان بڕەكەی دەگاتە (54) ترلیۆن پێ سێجا، ئەوەش پاڵپشت بەوەی سەرجەمی گێڵگە سەلمێنراوەكان لەو ناوچەیە كەمترە لە  (10) ترلیۆن پێ  سێجا گازی سروشتی بەبەراورد بە كێڵگە نەسەلمێنراوەكان كە (30) ترلیۆن پێ سێجایە،  ئەوەش جگە لە بونی یەدەگێكی زۆر زیاتر لە كێڵگەكانی  (بنەباوی ، خورمەڵە، چەمچەماڵ و میرانو تۆپخانەو شاكەل و عەرەبەت.)

زیاتر