كەس نە بە نوكتە و نە بە جدی باسی ئەم دزی و دزانە ناكات

عەلی حەمە ساڵح

پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
  21/12/2020  |    1142 جار خوێندراوەتەوە
سەدان هێندەی سلێمان هەڵشۆی پارە هەموو میللەتیان خواردوەو دەیخۆن و دەیان كەناڵیان داناوە، سەد هێندەی سلێمان تاوانبارن و كەس باسیان ناكات.

دوو ڕۆژە هەموو باسێك بووەتە سلێمان هەڵشۆی، وەك دەڵێن: ٣٥ ملیۆن دۆلاری خەڵكی خواردوو. 

‏‎ئەوەی سلێمان چەند مانگێك بوو، هی ژمارەیەك خەڵك بوو، كەمێك پرسیاریان كردبا دەیانزانی ئەمە فێڵەو هیچ مامەڵەیەك ئەو قازانجە ناكات! سلێمان دەستگیركرا، كۆمەڵێك خەڵك زیانیان بەركەوت. 

‏‎تۆ دەتوانیت مامەڵەی لەو شێوە نەكەیت و پارەت نەخورێت! بەڵام چی لەو هەموو "سەركردە" دەكەیت بەزەوی و قاچاخی و نەوت و كۆمپانیاكاری و بەشتیوانی هێزی چەكدارو دەسەڵاتیان سەدان هێندەی سلێمانیان لە خەڵك بردوەو كەس باسی ناكات! 

سلێمان پارەی ٢٠٠ كەشی خواردبێت! بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن پارەی سەدان هەزار موچەخۆریان خواردوە.. 

‏‎قەبارەی ئەو پارەی هەموو مانگێك لە قاچاخی و كۆمپانیا كاری لە هەموو خەڵكی دەبەن، حەوت هێندەی ئەو پارەیە سلێمان لە خەڵكی خواردوە..

‏‎ئەو پێنج ملیار دۆلارەی شیرینی نەوت چارەنوسمان نەزانی ١٤٣ هێندەی ئەوەی سلێمان بوو!

‏‎ئەوەی بەهۆی گرێبەستی خراپ و گەندەڵی و بەفیڕۆدان لە دۆسیەی نەوت دەبرێت مانگانە، لەوەی سلێمان زیاترە..

‏‎كاتێك زەویەك بێ بەرامبەر دەدرێتە كە سێك لە هەولێرو و بایی نزیكەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری مەتر مەتر لێدەفرۆشێت ( شاری خەونەكان)، ٣٦ هێندەی ئەوەی سلێمان هەڵشۆیە! 

‏‎ئەو پارەیەی مانگانە بەخانەنشینی نایاسایی و پیشمەرگەی دێرینی ساختەو شەهیدی ساختەو كەم ئەندامی سەنگەری ساختە... دەدرێت زۆر زیاترە لەوەی سلێمان... 

‏‎ئەو كۆمپانیا موبایلەی ٢٠٠ ملیار دیناری زیادەی لە خەڵك وەرگرت و بڕیار بوو ڕاستەخۆ بیداتە حكومەت و بۆی كرایە قیستی ١٦ ساڵ ! زۆر زیاترە لەوەی هەڵشۆی.. 

‏‎دەتوانین دەیان دزی دیكە دیاری بكەین زۆر زیاترە لەوەی سلێمان!! 

‏‎گرفتەكە ئەمەیە... هیچ كەس نە بە نوكتە و نە بە جدی باسی ئەم دزی و دزانە ناكات! سلێمان چەند مانگێك بەردەوام بوو ! بەڵام ئەمانە سی ساڵە خەریكن و ئێستاش بەردەوامن! سلێمان دەستگیركرا ئەمانە چەكداریان هەیە خەڵك زیندان دەكەن و دەچنە سەر خەڵك و قاچاخی دەكەن!! 

‏‎گرفتەكە گەورەكە ئەوەیە، ئەوانەی سەدان هێندەی سلێمانیان لە خەڵك بردوەو بەردەوامن هەزار كەس وەك "سەركردەو فریادڕەس" دەیان بینن!! و بە سلێمان دەڵێن ساختەچی!!

زیاتر