تەنیا ئەم دوو بڕیارە ٧٠ ملیار دینار بۆ داهاتی حکومەت زیاددەکات

عەلی حەمە ساڵح

پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
  19/12/2020  |    6489 جار خوێندراوەتەوە
دۆخی ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدایە، تەنیا پشتبەستن بەنەوت و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و گەندەڵی ؛ نەهامەتی گەورە دێنێ.
ڕێککەوتنی هەرێم لەگەڵ عێراق کارێکی زۆرباشە، بەڵام بەبێ چاکسازیەکی ڕیشەیی لەنێوخۆدا ئەستەمە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراق بگاتە ئەنجام
بە پێشنیارەکانمان بۆ چەند بڕیارێکی گرنگن، دەریدەخەین کە چۆن هەرێم دەتوانێت لەم دۆخە دەربازی ببێت.. ئەگەر ئیرادە هەبێت.
دوو بڕیاری گرنگ ، کە پێویستە سەرۆکی حکومەت بیدات.
یەک: بڕیاری سەرۆک وەزیران :
بڕیارماندا ئاڵگۆڕی دراو لە بانکی ئەهلیەوە بگوازینەوە بۆ سێ بانکی حکومەت لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک... بازرگان و کۆمپانیاکانی دراو دەتوانن دۆلار بکڕن، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە وەزارەتی دارایی ڕێکیدەخات.
هەتاوەکو سەرەتای ٢٠١٩ گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار تەنیا بۆ بانکی کوردستانی ئەهلی بوو بە نرخی ١١٨ هەزار دینار بۆ ١٠٠ دۆلار، هەندێک مانگ ١٠ ملیارو هەندێک مانگیش گەشتوتە ٢٥ ملیار دینار قازانج.
پاشان درایە RT BANK بە نرخی ١٢٠ هەزار بۆ ١٠٠ دۆلار.
ئێستا بانکی ناوەندی عێراق بڕیاری هەیە ھەر ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ هەزار بفرۆشێت و پێشبینی دەکرێت لە دەوروبەری ١٥٠ هەزاردا لە بازاڕ جێگیر ببێت.
ئێستا مانگانەی داهاتی نەوت نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلارەو بەم میکانیزمە نوێیە نزیکەی ٥٥ ملیار دینار بۆ داهاتی هەرێم زیاددەبێت.
پێش کۆرۆنا ٣٠٠ ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی پێدەکرا، بە زیادبونی داهاتی نەوت ئەم بڕەش (٥٥ ملیار دینا) زیاددەکات..
ئەوانەی نایاندەویست ئەم پرۆسە سەر بگرێت، بیانویەکیان هەبوو، دەیان وت: بانکی ناوەندی عێراق ڕەزامەند نیە!!
یەک نوسراوی بانکی ناوەندی نیە بڵێ کارێکی وا مەکەن.. ئەی چۆن ڕەزامەندە هەمووی بدرێتە بانکێکی ئەهلی بە قۆرخکاری و ئەو بیخاتە بازاڕ! بەڵام نابێت بانکی حکومەت ئەم کار بکات!
دوو: بڕیاری سەرۆک وەزیران:
بڕیارماندا لە ساڵی نوێوە پاراستنی سەرجەم کێڵگە نەوتی و غازیەکان لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت وەربگیرێتەوەو هێزە ئەمنیەکانی وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی ئەم کێڵگانە لە ئەستۆ دەگرن.
ئەم بڕیارەش نزیکەی ١٥ ملیار دینار بۆ داهات زیاددەکات.
ژمارەیەک بەرپرس دژی ئەم بڕیارەن و ئێستا لێی سودمەندن، کێ ڕێگربوو هەڵمەتێکی دژ دەکرێت، بەدڵنیایی ڕێگریەکە کاتی دەبێت و بڕیارەکەش سەردەگرێت.
بەم دوو بڕیارە نزیکەی ٧٠ ملیار دینار بۆ داهاتی هەرێمی کوردستان زیاددەبێت، چەندین بڕیاری دیکەی گرنگ هەن پێویستە دەربکرێن بۆ گەڕاندنەوەی دەیان ملیار دینار بۆ داهاتی گشتی.
هیواموایە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق بکرێت بۆ نەوت و موچە، بەبێ ڕێککەوتن قەیران دروستدەبێت، ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت و دەست بۆ چاکسازی لە فایلە گرنگەکانیش نەبرێت، قەیرانەکە خنکێنەر دەبێت..
تەنیا پشت بەستن بەعێراق لە درێژخایەندا هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵدێر دەبا.
عێراق خۆی ئێستا لەژێر باری قەرزێکی زۆردایە، دانیشتوانی گەشتوتە ٤٠ ملیۆن و لە دە ساڵی ئایندەدا دەبێتە ٥٣ ملیۆن، جیلێکی نوێی سیاسی لە عێراق بڕیاردەرن بەتایبەت لە پەرلەمان بێ بەرامبەر هیچ شتێک بۆ هەرێمی کوردستان نانێرن.
تەواو لە مەترسی قۆناغەکە گەشتوم، چارەسەری ڕیشەیی بۆ دەربازبوونی ھەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی خنکێنەر لە پاڵ ڕێککەوتن کۆمەڵێک بڕیار گرنگن بۆ چاکسازی، ئێمە بە پێشنیارو بەدواداچون وردەکاری ئەو بڕیارانە دیاری دەکەین، ئەرکی حکومەت دەرچواندنی بڕیارو جێبەجێکردنیەتی.
زیاتر