گەرمای گەرمەسێر دەرچێ لە گیانۆ
11/08/2023
|
1391 جار خوێندراوەتەوە
گەرمترین رۆژی گەرمترین مانگ.
سپلێت، موبەریدە، پانکە و باوەشێن چاری گەرمای تاقەت پروکێنی ئەم رۆژە ناکات ، بەڵام ئەم رۆژە گەرمەی کە بە کەشو هەوای خەریکە یەکبینە هەوا قووت دەدا و هەناسە بڕ دەکات ، ناگاتە گەرمی دوارۆژی ئاب و ناکاتە رۆژە دژوارەکەی ساڵە گەرمەکەی ١٩٩٦.
ئەو رۆژە لولەی دەبابەکانی سەددام چاوی نیشتمانی دەردێنا و چاوی کزی بێ لایەنەکان و بێ باکەکانی خێل و کوێر دەکرد .ئەو رۆژە شەش ساڵ بوو بەعس لە کوردستان دەرکرابوو ، شەش ساڵ بوو بە دونیامان دەگوت ئێمە ئازادیخوازین و لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرە هەڵناکەین و سەنگەری سیاسیی خۆمان لێ جیاکردۆتەوە. گوایە ئێمە کورد و ئەو داگیرکەر ، ئێمە میللەتی زوڵملێکراوی دەستی ستەم و ئەویش ستەمکاری نەیار و بێگانە. چیرۆکێکمان هۆنیبۆوە کە ئەوی کەیفیشی بە کوردبوونمان نەدەهات هیچ نەبێ کەیفی بە هەنجەتی خۆگیفکردنەوەمان بەرامبەر بەعس و سەددام و دەبابەکانی دەهات: دیموکراسی و ئازادی .
لەناکاو ، لەو گەرمای ئابی ئەو ساڵەدا ، دەفتەر و ئەلبومی ئەو شانازییەیان دڕی و سەنگەرەکان و کاغەزەکانیان وا تێکەڵکرد کەس نەیدەزانی چی لەم شەمزان و شێوانە بکەین؟
خەڵکی تر، گروپی تر ناپاکییەکەیان کرد ، کەچی هەموو کورد خەمبار وشەرمەزاری بەردەم دونیابوون . ئاخر حیکایەتەکەمان دەلەسە دەرچوو و ، دونیا لە سەرۆک کلنتۆن تا عەوامی خەڵکی ئاگا ، پێمان پێکەنین؛ کوردی چی و نەتەوەی چی ؟ دیموکراسیی کوا و ئازادیخوازی لە کوێ کە ئێوە خۆتان دیکتاتۆر و ستەمکاری هەڵەبجە و ئەنفال بانگ دەکەنەوە؟
قرچەی گەرما بوو کە هەموو شتێک درزی تێکەوت و هەموو دڵێکی رۆمانسیی دوای راپەرینی بەهاری ١٩٩١ کونکون کرا وەک کونکونی چوپی بەلەمی قاچاخ کە هەزاران گەنجی لەگەڵ خۆی راپێچ کرد و وەک یەکەم گەشتی یەکەم کاروانی بەردەوامی کۆچ ، ئیتر سەرهەڵگرتنی کوردی کردە گەورەترین دیاردەی سەردەم.
سەیری ئەو پەژارە گەورەیە کە گەرمای هاوین و قرچەی ئابی ساڵی ١٩٩٦ زۆرانبازی لەبەهاری ١٩٩١ بردەوە؟
هاوین چۆن بەهار دەبەزێنێ ، ئەگەر خیانەتی سروشت و خیانەتی نیشتمان نەبێت؟!
بەو هەموو زامەوە میللەتەکەمان نیعمەتی خودایی کە مەیلی فەرامۆشی و لەبیر کردنەوەیە دەکاتە کەرەستەی ژیانسازی و ئایندەدۆستی و لەگەڵ دونیا تێهەڵدەچێتەوە و بەعس و دەبابەکانی لە پرۆسەی رزگاری ٢٠٠٣ ئاو دیوی مێژوو دەکات کەچی ئەوی ئەم خیانەتەی کردووە و ئەم زامەی خستە دڵی هیواکانەوە هێشتا میللەت و شەهیدەکانی کوردستان قەرزاربار دەکات و هێشتا یەکێتیی خەتابار دەنوێنێ .
پیرەمێرد وتەنی؛
هەم یار باقی و هەم سوعبەت باقی .
تا ئەژنۆیان غەرقی خۆێنی لاوەکانی وڵاتن کەچی هێشتا ناوە ناوە خولی نیشتمانپەروەری دەکەنەوە و گەرەکیانە بەناوی پڕوپوچی ١٦ ی ئوکتۆبەرەوە خۆیان وانەی ئەوەڵینی تیا بڵێنەوە.
خەڵکی چاوی لە ژیانی باشتر و گوزەرانی شایانتر و ئاوەدانی بەرچاوترە، وا ئەمانە خەریکی ئەلبوم و دەفتەرە دڕاوەکەن ، دەچن مۆنتاجی رووداوەکان دەکەن و لە ئاوێنەوە ، بە روخسەتی حاجی، لە عەکسی خۆیان ڕادەمێنن!
گەرمایە لە سێی ئابی جینۆسایدی شەنگالەوە تا گەرمای ئەمرۆ ، تا گەرمای خیانەتی ٣١-ی ئاب.
|