گرتنەکەی عەجاج و هەندێ زانیاری نەبیسراو

لەتیف فاتیح فەرەج

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
  01/08/2025  |    1992 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ڕاگەیەنرا کە عەجاج گیراوە ، پێرێ شەو هەواڵەکەیان پێدام و داوای ئەوەش کرا جارێ باس نەکرێت ، هەڵبەت چەند گەواهیدەرێکیش ڕۆژانی بەرێ چووبوون بینیبویان ، عەجاج لەم هەموو ساڵەدا چەندین شوێنی کردوەو نەشتەرگەری جوانکاریشی کردوە کە نەناسرێتەوە، ساڵی ٢٠٠٣ چەند میدیاکارێک عەجاجیان بینیبوو، گفت و گۆشیان لە گەڵ کردبوو ، بەڵام دواتر ئەو بابەتەیان شاردەوە و باس نەکرا ، من خۆم چەند جارێک داوای دیدارەکەم کرد پێم نەدرا  تەنانەت داوای ئەوەم کرد وێنەیەکم بدرێتێ، ئەوەشیان بە بیانوی دیار نەبوونەوە پێنەدام .

لە ساڵانی ڕابردودا چەند جارێک هەواڵی مردنی بڵاو بوەوە، هەموو جارێکیش هەواڵەکە بە درۆ دەخرایەوە ، ئێمە  تیمێک بووین لە ساڵی ٢٠٠٣ سۆراغی زۆری ئەومان کرد ، بەڵام شتێکی ئەو تۆمان دەستنەکەوت ، عەجاج جەلادی  هەرە دیاری نوگرە سەلمان بوو، قوربانیەکان هەمیشە لە گەڵ ناوی عەجاجدا ناوی سەگە ڕەشەکانی بیابانیشیان دەهێنا ، نزیکی دوو ساڵێک لەمەوبەر لەبەغدا بووم لای مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی ، ناسیاوێک یەکێک لە جاشە خوێنڕێژەکانی کوردستانی نیشاندام ، کە لەوێ خۆی وەک موسوڵمانێکی عەیارە بیست و چوار نیشاندەدا ، بە داخ بووم لەوەی کەماوە، لە گەڵ چەند دۆستێک باسی ئەوەم کرد کە نەدەبوو ئەو جەلادە لە ژیاندا بێت ، برادەرێک وتی تۆ چی دەڵێیت خۆ عەجاجیش لە ژیاندایەو کەسیش پێی ناڵێت پشتی چاوت برۆیە .

ئێستا کە عەجاج گیراوەو ڕۆژی ڕاگەیاندنی گرتنەکەی کەوتە ڕۆژی جینۆسایدی بارزانیەکانەوە، زۆر گرنگە دادگای بکرێت ، من پێرێ شەو بەو دۆستەم وت هەقە داوابکرێت بهێنرێتەوە بۆ کوردستان و لێرە دادگای بکرێت، وتی نەکەی لە ڕێی خودا پێشنیازی وانەکەیت ، نەبا وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچێت ، بیرم لە قسەکەی کردەوە کە یەک ئامر مەفرەزەو موستەشار دادگای نەکراو پارتی و یەکێتی تەنانەت پاکانەیان بۆ جەلادەکانی بەعس دەکرد وتم دیارە ئەو ئەو قسەیە لە خۆیەوە ناکات .

هیوادارم بەر لەوەی عەجاج تووشی هەر ڕٍوداوێک بێت هەموو ئەو زانیاریانەی لایەتی لێی وەربگیرێت ، بەتایبەت کوشتنی ئەو سەدان کەسەی قەڵای سەلمان ، کە من خۆم لیستێکم لایە هەموویان یەک هۆکار بۆ مردنەکەیان نوسراوە، ئەو لیستە ئەوانەن کە نەخۆشخانەی سەلمان ناوی نووسیون ، نەک ئەوانەی لەناو قەڵاکە مردون و هەر لەو دەورو بەرە خراونەتە نێو خۆڵی بیابانەوە .

 
زیاتر