مه‌ته‌ڵی چاكسازی

لەتیف فاتیح فەرەج

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
  21/10/2020  |    1458 جار خوێندراوەتەوە

هه‌قیقه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و په‌ڕی خه‌راپیدایه‌ ، هه‌ڵبه‌ت ئێستا ده‌بوو ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ بوایه‌ لانی كه‌م له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان به‌ هه‌رسێ‌ لایان حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، كه‌چی وانیه‌ ، حكومه‌ت به‌ 320 ملیاره‌كه‌ی به‌ غداشه‌وه‌ نه‌یتوانی له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ 40 رۆژ موچه‌ بدات.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یاسای چاكسازیه‌كه‌ به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی یاسای چاكسازیه‌، یاسایه‌كیشه‌ بۆ چه‌وساندنه‌وه‌و برسی كردن بردرایه‌ پارله‌مان ، ئه‌مه‌ له‌ داهاتودا رونتر ده‌رده‌كه‌وێت، ئێستا كه‌ دۆخه‌كه‌یان وا لێكردووه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌ڵێن خانه‌نشینی نایاسایی، بندیوار، زۆر ناو و ناتۆره‌ی تر ئیتر دۆخێك دروستكراوه‌ پاك و ناپاك تێكه‌ڵ كراوه‌ و بوار بۆ ده‌رخستنی راستی نه‌هێڵراوه‌ته‌وه‌.


چاكسازی له‌ شوێنێكه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، كه‌ چاكسازی تیا ده‌رناكه‌وێت، ده‌بوو چاكسازی له‌ گومرگ و خاڵه‌ سنورییه‌كان، كۆمپانیاكانی نه‌وت و كۆمپانیكانی پاسه‌وانی و هێزی پێشمه‌رگه‌ ، پڕۆژه‌كانی بیناسازی و یه‌كه‌ نیشته‌جێبوونه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردبا ، گه‌نده‌ڵی و پیسخۆری گه‌وره‌ له‌و شوێنانه‌دایه‌ .


ئه‌م شێوازه‌ له‌ چاكسازی وه‌ك خۆ دزینه‌وه‌ له‌ چاكسازی دێته‌ به‌رچاو،ئه‌مه‌ش حكومه‌ت به‌ره‌و شكست و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌بات، ده‌توانین هه‌موومان چاوه‌ڕێی ئاینده‌ی خراپتر بكه‌ین گه‌ر وا بڕوات .


ده‌بوو حكومه‌ت سه‌ره‌تای چاكسازی به‌ریزبه‌ندی ده‌ستپێكردبا، بۆ نمونه‌ چاكسازی له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی كه‌ خه‌ریكه‌ وێران ده‌بێت، چاكسازی له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ كه‌ پارتی و یه‌كێتی رۆڵی گه‌وره‌یان له‌ وێرانكردنیدا هه‌یه‌، چاكسازی له‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ ، كه‌ له‌ سه‌رده‌می به‌عسیشا به‌م جۆره‌ خوێندن له‌ بادینان و سۆران جیاواز نه‌بوو، چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی ، چاره‌سه‌ری ته‌ڵاق ،رێَكخستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا ، چاكسازی سیاسی و په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌كان كه‌ له‌ خراپترین دۆخدایه‌.

 له‌ بری چاكسازی دێن بیر له‌ ده‌ركردنی یاسایه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌ چۆن كۆت و به‌ند دروستبكات ، چاكسازی بواری بازرگانی ، چاكسازی ئاینی كه‌ ئێستا له‌ كوردستان به‌ ته‌واوه‌تی شێوێندراوه‌و هه‌ر مه‌لاو پیاوێكی ئاینی له‌ ئاوازێ‌ ده‌خوێنێ‌ .


ئه‌گه‌ر ئه‌م چاكسازیانه‌ بكرێت چاكسازی له‌ بواری موچه‌و خانه‌نشینی و رێكخستنه‌وه‌ی دارایی زۆر ئاسانتر ده‌بێت، ده‌ست بردن بۆ دوا خاڵ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ نه‌ته‌وێ‌ چاكسازی بكه‌یت .

زیاتر