ده‌رباره‌ی ده‌روێشه‌كان

لەتیف فاتیح فەرەج

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
  14/07/2020  |    884 جار خوێندراوەتەوە
قادری و نه‌قشبه‌ندی دوو رێبازی ته‌سه‌وف و دینداری كوردستانن، هه‌ر یه‌ك له‌و دوو رێبازه‌ ملیۆنان شوێنكه‌وته‌و ده‌روێش و بڕواداریان هه‌یه‌ ، قسه‌له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ رێبازی قادری نزیكه‌ی 15 ملیۆن شوێنكه‌وته‌ی له‌ جیهاندا هه‌یه‌ ، له‌وه‌ گه‌ڕێ‌ تۆ بڕواداری یان بێبڕوا ، واز له‌وه‌ بێنه‌ تۆ ئه‌مه‌ به‌ كۆیلایه‌تی ده‌زانی یان رێیه‌ك بۆ دۆزینه‌وه‌ی خودا ، ئایه‌ ده‌كرێت به‌و جۆره‌ سوكایه‌تی به‌ پازده‌ ملیۆن مرۆڤ بكرێت ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌یكه‌ین ، گه‌لۆ ئێمه‌ كه‌ باسی ئازادی بیرو ڕا، ئازادی وتن ده‌كه‌ین ده‌بێت راستگۆ بین له‌وه‌دا مه‌به‌ستمان له‌ ئازادی پێش ئه‌وه‌ی بۆ خۆمان بێت بۆ ئه‌وانی تره‌ .

دوای مردنی شێخ محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولكه‌ریمی كه‌سنه‌زانی تا ئێستا هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی قوڵ و پوخت له‌ باره‌ی ئه‌و رێبازه‌و شوێنكه‌وتوانی باس نه‌كراوه‌ ، هه‌ڵبه‌ت باسی پێشتر ناكه‌م ، باسی ئه‌و ورده‌ نوسین و په‌لامارو سوكایه‌تی و هه‌روه‌ها پیاهه‌ڵدانه‌ كرچ و كاڵه‌ ده‌كه‌م ، كه‌ هیچیان ناچنه‌ خانه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی دروسته‌وه‌ ، راستی منیش لێره‌داو به‌م ده‌ست و برده‌ نامه‌وێ‌ بڵێم توێژینه‌وه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌كه‌م ، ئێوه‌ سه‌یر بكه‌ن تۆ شێخ محه‌مه‌دت قه‌بوڵه‌ یان نا ، خه‌ڵك ئاماده‌یه‌ سنور ببه‌زێنێ‌ و به‌ قوڵپی گریانه‌وه‌ بگاته‌ سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی ، تۆ ده‌ست و پێ‌ ماچكردنت پێڕاسته‌ یان نا خه‌ڵكێك له‌و په‌ڕی دنیاوه‌ دێن و ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ، تۆ مه‌یكه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ كارێكی خراپ ده‌زانی ده‌توانی لێكۆڵینه‌وه‌و ڤه‌ تۆ ژینی هۆشیار كردنه‌وه‌ی بڕوا پێكراوت هه‌بێت نه‌ك په‌لامارو ناشرینكردن ، ئه‌و ده‌روێشه‌ دڵ ساف و ساده‌و ساكارانه‌ چی له‌ باره‌ی كۆیلایه‌تیه‌وه‌ ده‌زانن ، ئه‌گه‌ر لای تۆ رێبه‌ره‌كه‌یان هه‌رچیه‌كه‌ بۆ ئه‌وان رێبه‌رو خاڵی په‌یوه‌ندیه‌ چت داوه‌ له‌وه‌ی سوكایه‌تیان پێبكه‌ی ، ما هه‌ر ئه‌وان نه‌بوون له‌و ده‌شت و ده‌ره‌ نانی خه‌ڵكیان ده‌داو له‌ ئاواره‌ بوونی باشوری كوردستاندا ماڵه‌كانی خۆیان كردبوو به‌ په‌ناگه‌و داڵده‌ی ئێمه‌ی ده‌ربه‌ده‌ركراوی ئاواره‌ی زێدی خۆمان .

به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ مرۆڤ  خۆی ده‌روێشی سیاسی بێت و كه‌چی په‌لاماری ده‌روێشی "گیانیی " بدات ، ئه‌و ده‌روێشانه‌ی ناتوانن رقیان له‌ كه‌س بێت و ناتوانن پشت بكه‌نه‌ رابه‌ره‌كه‌یان جا رابه‌ره‌كه‌یان با له‌ئاسمان بێت و ئه‌وان له‌ رێسمان ، كێشه‌ی من له‌و رق بون سوكایه‌تی به‌و ده‌روێشانه‌وه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و هه‌موو رقه‌ له‌ یه‌كتر ، خودایه‌ ئه‌مه‌ چ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ به‌رده‌وام خه‌ریكی شكاندن و سوكایه‌تی كردنه‌ به‌ یه‌كتر ، ئه‌مه‌ چ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ هه‌مووی جنێو به‌ هه‌مووی ئه‌دا ، هه‌مووی سوكایه‌تی به‌ هه‌مووی ده‌كات ، ئه‌وه‌ كێیه‌ ئه‌م نه‌ریته‌ی شۆڕكردوه‌ته‌وه‌ بۆ ناخی گشتی ئێمه‌ ، چۆن بتوانین ئه‌و ناشرینیه‌ بسڕینه‌وه‌ ، من له‌ وتارێكی زۆر كۆنترا پێش بوونی  تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی  ئه‌مه‌م به‌"  گیانی ئاوده‌ستخانه‌یی " ناوبرد ، له‌م رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێ‌ و شاعیر حه‌مه‌ كاكه‌ ڕه‌ش قسه‌مان له‌و دیرۆكه‌ ده‌كرده‌وه‌ ، ره‌نگه‌ دوای ئه‌م وتاره‌ جارێكی تر ناچار بین قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بارو دۆخه‌ بكه‌ینه‌وه‌ .

ئه‌وه‌ چیه‌ ، چ بونه‌وه‌رێكه‌ جگه‌ له‌ ناشرینی " یان به‌ ناشرین كردن " زیاتر هیچی تر له‌وی تردا نابینێ‌ ، ئێمه‌ش مرۆڤین هه‌ڵه‌و كێماسیمان هه‌یه‌ ، لێ‌ دنیایه‌ك جوانیش  بۆ نامانه‌وێ‌ ئه‌و دیوه‌ جوانه‌ی خۆمان ببینین ، خێره‌ به‌رده‌وام له‌ سه‌ر ناشرینیه‌كان ده‌وه‌ستین  چۆن بتوانین له‌م دۆخه‌ ده‌ربچین ، ده‌روێشه‌ساده‌و پاكه‌كان به‌و شمشێرو تیرو شیره‌وه‌ ، به‌ عیشقه‌وه‌ هاتون به‌ره‌و مه‌عشوقه‌ كۆچكردوه‌كه‌یان ، لانی كه‌م ده‌كرێت ئه‌م دیوه‌ی هه‌قیقه‌ته‌ ئاشكراكه‌ ببینین ، ئه‌م روداوه‌ دیرۆكیانه‌ به‌ تانه‌و سوكایه‌تی ناشرین و بێمانا مه‌كه‌ن ، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو سه‌یری گرتنه‌كه‌ی شێخ عه‌بدولكه‌ریمی شه‌ده‌ڵه‌و توڕه‌ بوونی ده‌روێشه‌ دڵسافه‌كانی بكه‌ن ، ئێستا ئه‌وه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی دیرۆكی گه‌شه‌ ، نه‌ك ناشرینی ،  ده‌مێك بوو گوێم له‌و هه‌موو سۆزو عیشقه‌ ده‌رونیه‌ نه‌بوو ، خۆزگا ماڵی شێخ هه‌موو لاوانه‌وه‌و دادو كڕوزانه‌وه‌و زیكرو ته‌هلیله‌ی ده‌روێش و خه‌لیفه‌و عاشقه‌كانیان تۆ مار ده‌كرد ، لێمه‌گه‌ڕێن ئه‌و هه‌موو سۆزه‌ بچنه‌ ژێر گڵه‌وه‌ ، با سه‌یری ئه‌م دیوه‌ جوانه‌ی عیشقه‌كه‌ بكه‌ین ، با تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌م دیوه‌ جوانه‌ی عیشق و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ پڕبكه‌ینه‌وه‌ نه‌ك سوكایه‌تی و جنێو، چه‌ند ناشرینه‌ مرۆڤ هیچ جوانیه‌ك له‌وی تردا نه‌بینێ‌ ، ئێ‌ دیاره‌ كێشه‌یه‌كی قوڵ له‌ چاوو بینینی ئه‌و كه‌سه‌دا هه‌یه‌ .

ئه‌رێ‌ ئه‌و پیره‌پیاوه‌ عاشقه‌تان بینی چۆن بوو بوو به‌ قه‌قنه‌س و فرمێسك له‌ گه‌روی ده‌باری ، ئه‌و گه‌نجه‌تان بینی چۆن سه‌عدی شیرازی و شه‌جه‌ریانی خستبووه‌ سه‌ر سه‌مای مه‌ولانای رۆمی ، سه‌یركه‌ن كورد روناكی تیایه‌ ، با روناكیه‌كان سه‌یر بكه‌ین و پشت بكه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ لامان وایه‌ ره‌شه‌ ، مه‌رج نیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ بینینی تۆدا ره‌شه‌ ، لای كه‌سێكی تریش هه‌روابێت ، جادوی ره‌نگه‌كان له‌ بینیندا ئه‌وه‌یه‌ ، تۆ شێخ محه‌مه‌دت پێ‌ ره‌شه‌ ، به‌ڵام ده‌روێشێكی ئه‌و دیوی زرێباروه‌ك مانگ نه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی ئاسای سه‌یری ده‌كات ، ده‌ی بینیتان عه‌دنان ده‌روێشه‌ رۆژهه‌ڵاتیه‌كه‌ به‌ یه‌ك وێنه‌ دڵی ئاوی ناخوارده‌وه‌و چوارپێنجێكی له‌ بن هه‌نگڵ نابوو ، تكایه‌ به‌ دوای جوانیه‌كاندا بگه‌ڕین ، بایه‌كجار جوانیه‌كانی هه‌موومان ،هه‌موومان كۆكاته‌وه‌ ، با له‌ دیوه‌گه‌شه‌كه‌ی بوونه‌وه‌ سه‌یری یه‌كتر بكه‌ین تا ببینه‌  مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌ ، مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌موو جیاوازیه‌كانیه‌وه‌
زیاتر