کفری و هەڵەبجە
17/08/2024
|
761 جار خوێندراوەتەوە
1 هەردوو شاری کفری و هەڵەبجە دوو شاری قوربانیدەرو دیرۆکی باشوری کوردستانن، خاوەنی مێژویەکی گەورەو ڕوناکن، تا ئێستا نەک بەرتاقای ناووناوبانگیان ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە، بگرە زۆربەی کات فەرامۆشکراون، خەڵکی کوردستان و دەسەڵاتدارانی هەرێم کەمترین قەرزی ئەو دووشارەیان نەداوەتەوە.
2 کفری کە جارانی پێی دەوترا زێدی وەزیران، وەک شارێکی لەبیر کراوی دنیاو کوردستان، کەس نیە ئاوڕی ڕاستگۆیانەی لێبداتەوە، لەکاتێکا لەڕووی خەبات و تێکۆشانەوە لەشەڕی قاتەکان و پێشترەوە تا سەردەمی پارتیزانی و تا ئەمڕۆش پێشەنگە، کەس نیە لەکوردستان ناوی عوسمانی حاجی مەحمودو ئاتێلاو هاوڕێیانی دیکەی سەردەمی پارتیزانی نەبیستبێت، کفری جێگەوپێگەی پاشاکانی بابان و شارستانیەت وچرایەکی گەشی وەک لەتیف هەڵمەت و هەواری سوهەیل خورشید، مامۆستا شەماڵ و سەڵاحی پارلەمان و شوکری حەمەی هەیەرو مهابادو زۆری ترە.
3 مامۆستا سەرکەوت پەرێشان و چەند گەنجێکی خۆبەخش و پڕ وزەی ئەو شاری وەزیرانە نەبێت، کەنایانەوێت شارەکەیان بیر بچێتەوە، دەمێک بوو شارەکەی باوە شاسوارو باخی میر لەخەیاڵی کەسدا نەمابوو، مەگەرئێمەو مانانێک کە باشترین مامۆستاکانی ناوەندی و دواناوەندیمان نمونەی مامۆستا عەباس و مامۆستا سەباح و مامۆستا ئازاد قەرەداخی کەتامردن لەیادگەماندا دەمێنن و خەڵکی ئەو شارەبوون، ئەوان ئێمەیان کردە عاشقی کوردو کوردستان، بۆ یەکەمین جار من گۆڤاری گەلاوێژم لای مامۆستا ئازاد قەرەداخی بینی ئەو پیاوەی هەڵگری پاشناوی قەرەداخی بوو ، خەڵکی کفری بوولە چەمچەماڵ گوڵاوی وشەی کوردی دەپژاند.
4 هەڵەبجەئەو شارەی لەڕێگەی عومەری خاوەرو بەکارهێنانی چەکی یاساغەوە لەڕێی بەعسەوە دەرگا گەورەکانی دنیای کوتا ، ئەوشارەی خاوەنی مەولەوی و گۆران و ئەحمەد موختار جاف و تاهیر بەگ و عادیلە خانم وسەدان ناوی گەش و ئەستێرەی پڕشنگدارە، تائێستا وەک منەت بەپارێزگا بوونی پێدەفرۆشن و بەرتاقای نیوەی ئازارەکەی ئاوڕی لێنادەنەوە، تەنانەت لەدیاری کردنی ژمارەی کورسی پارلەمانیشدا ستەمی لێدەکرێت کەلانی کەم دەکرا چواری هەولێرو چواری سلێمانی بخرایەتەسەر سێ دەستنیشان کراوەکەو کابەش کەچ نابوو.
5 هەڵەبجەو کفری دووبرینی کۆن و نوێی جەستەی وڵاتی کوردەوارین پێویستیان بە بەتەنگەوە هاتنی زیاترو بەدەنگەوە چوونی بوێرانەیە، هیچ بیانویەک نیە بۆ ئەوەی بەو جۆرە فەرامۆش بکرێن، وەک چۆن چەمچەماڵیش فەرامۆشکراوە.
|