ده‌كرێت خه‌ونێكمان هه‌بێت

لەتیف فاتیح فەرەج

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
  23/08/2020  |    808 جار خوێندراوەتەوە

له‌م رۆژانه‌ی پێشودا لەگه‌ڵ سه‌رۆك كۆمارا به‌ ته‌له‌فون ماوه‌یه‌ك باسی بارودۆخی كه‌ركوكمان كر ، ئه‌و رون و ره‌وان وتی خه‌ڵكێك له‌ سه‌ره‌وه‌ دژی ئیداره‌ی ئێستای كه‌ركوك خۆنیشان ده‌ده‌ن و ژێر به‌ ژێریش هه‌موو شتێك به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌كی بۆ كه‌ركوك هه‌یه‌، یان رونتر ئه‌و ده‌یه‌وێت بارودۆخی كه‌ركوك چاكبكاته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش دیاره‌ به‌رنامه‌ و هه‌نگاوی خۆی هه‌یه‌ .

كه‌ركوك پێویستی به‌ قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی پێكه‌وه‌ ژیان و ئاشتكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌كتر ، هه‌ڵبه‌ت كه‌سانێك و وڵاتانێك هه‌ن به‌و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردنه‌ ده‌هری ده‌بن و هه‌موو شت ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ سه‌ر نه‌گرێت ،رقه‌كه‌ش ته‌نها له‌ كورده‌و كه‌سی تر نا ، ئێ‌ دیاره‌ به‌رپرسانی كوردیش له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیاندا له‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌نده‌ ناجۆری و نارێكیان كردوه‌، ئێستا چاره‌سه‌ركردن و راستكردنه‌وه‌ زۆری گه‌ره‌ك ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا كه‌ ئێستا له‌مپه‌ری زۆریش هه‌ن له‌ به‌رده‌م چاه‌سه‌ر كردنی كێشه‌كاندا .

چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوك جگه‌ له‌ ماده‌ی 140و له‌ چوار چێوه‌ی ده‌ستوری عیراقیدا ، گه‌ڕانه‌ به‌ دوای هاوبه‌شی له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا ، كه‌ركوك ده‌بێت ببێته‌ شاری هاوڵاتیه‌كانی ، به‌مه‌ش ئه‌و رقه‌له‌ یه‌كتر كه‌ سیاسیه‌كان رۆڵیان هه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌ كردنیدا به‌ره‌ به‌ره‌ له‌ نێو ده‌چێت ، یانی له‌ بری ئه‌و رقه‌ پێویسته‌ هه‌ر كه‌ركوكیه‌ك خه‌ونێكی باشتری هه‌بێت بۆ سبه‌ینێ‌ ، خه‌ونی باشتر به‌و مانایه‌ی خه‌ونی ده‌سته‌یه‌ك هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی خه‌ونی ده‌سته‌یه‌كی تر نه‌بێت ، ئه‌وه‌ی تا ئێستا وایه‌ ، یان به‌و جۆره‌ گوزارشتی لێده‌كرێت.

من له‌ قسه‌كانی سه‌رۆك كۆماردا ئه‌وه‌م خوێنده‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه ‌و به‌رنامه‌كانی بۆ كه‌ركوك سه‌ر بگرن پێویستی به‌ هاوكاریه‌، هاوكاری به‌ مانای له‌ گه‌ڵ بوون نا كه‌ بڕوام وایه‌ ئه‌وه‌ش زۆر ئاساییه‌ ، هاوكاری به‌ مانای تێكنه‌دانی به‌رنامه‌ له‌ یه‌كتر، ئه‌و باسی رۆڵی هه‌ندێ‌ كه‌سی كرد له‌ تێكدانی به‌رنامه‌دا، ئه‌مه‌ی بۆ ئه‌وه‌ وت كه‌ ناكرێت بۆ پرسی كه‌ركوك هه‌ر تاقمه‌و به‌ جۆرێك كار بكه‌ن ، به‌شێكی زۆری كاره‌كانیش دژایه‌تی كردنی یه‌كتر بێت.

لێره‌دا یان ره‌ش یان سپی نیه‌ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ سیاسیه‌كان به‌و جۆره‌ كار ده‌كه‌ن، له‌ گفتوگۆ و دانیشتن هه‌میشه‌ هاوبه‌شی ده‌دۆزرێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ خاڵێكی ئه‌رێنیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ قۆناغی گوێزه‌ره‌وه‌دا كاری له‌ سه‌ر بكه‌ین.
زیاتر