ده‌بوو وه‌زیری ناوخۆ رێگه نه‌دات ئه‌و راگه‌یه‌نراوه‌سه‌قه‌ت و خراپه له سه‌ر كیژێكی كورد بڵاو بكرێته‌وه ، كیژێك كه هه‌ر له منداڵیه‌وه خه‌ونی به ئازادیه‌وه بینیوه ، دالیا ئیشقی ئازادی چه‌كی پێده‌كاته شان و خه‌ون به ئازادكردنی رۆژئاوای كوردستانه‌وه ده‌بینێت ، له شوێنێكیشا چه‌ك هه‌ڵده‌گرێت كه هه‌موو ده‌ورو به‌ری لیپه له كچ و كوڕی گه‌نج و ئازا ، ئه‌و كچ و كوڕانه‌ی نوسه‌رو رۆژنامه‌وانه فه‌ڕه‌نسی و ئه‌وروپیه‌كان به سه‌ر سامیه‌وه باسیان ده‌كه‌ن ، دالیا عاشقی ئازادیه كه‌واته ئه‌و دڵ و هه‌ست و حه‌زو ئاره‌زوی هه‌یه، ئه‌و رێیه‌كی بۆ گه‌یشتن به ئازادی هه‌ڵبژاردووه ، كه به درێژای دیرۆك هه‌زاران چه‌له‌نگ و عه‌گیدی تیا گلاوه له ژێر كاریگه‌ری خانه‌واده‌یه‌كی قوربانیده‌رو له نێو بیر‌و بۆچوونی ئاپۆییدا بۆ ئازادی مرۆڤ پێگه‌یشتوه، نه‌ئاپۆ نه‌كه‌س عیشقیان قه‌ده‌غه نه‌كردوه ، جا ئه‌گه‌ر عیشق بۆ سروشت بۆ ئازادی بۆ ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر بۆ جوانی قه‌ده‌غه كرا ئیدی مرۆڤ خاڵی ده‌بێته‌وه له هه‌موو به‌هایه‌ك و هیچ نیه قوربانی بۆ بدات .
ده‌بوو وه‌زیری ناخۆو هه‌ردوو جێگره گۆڕان و یه‌كێتیه‌كه‌ی رێنه‌ده‌ن ئه‌و رونكردنه‌وه‌و راگه‌یاندنه شكۆ ی مرۆڤ شكێنه به‌رانبه‌ر دالیا بڵاو بكرێته‌وه ، وه‌زاره‌ته‌كه كوردیه ، وه‌زیرو جێگره‌كانی كوردن ، دالیاش كورده ، گریمان كوردیش نه‌بوو ، ما ئه‌و دنیای ئاخر نه‌كردوه ، ئه‌و نه‌خیانه‌تی نیشتمانی كردووه ، نه‌سه‌روه‌ت و سامانی گه‌لی دزیوه ، زۆر به مناڵی فێری ئه‌وه بوو چه‌ك به كار بێنێت ، كاتێك كه ئه‌و هێشتا ده‌بوو یاری ماڵه باجێنه بكات، ده‌بوو له قوتابخانه‌له گه‌ڵ هاوڕێكانیدا بازبازێن و حه‌بلێن و چاو شاركێ بكات ، به‌ڵام فێری ئه‌وه بوو ته‌ققه بكات ، ئه‌مه ویستی ئه‌و نه‌بوو ، ئه‌و دنیای باوكی ، نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، هاونیشتمانیه‌كانی داگیر كرابوو ، ئه‌و ده‌یبینی ئاڵاره‌شه‌كان چۆن خوشك و دایك و كچی نیشتمان ئه‌تك ده‌كه‌ن ، ناچار چه‌كی بینی و چه‌كی هه‌ڵگرت ،ئێ چی بكات ئه‌وه قه‌ده‌رو چاره‌نوسه .
ده‌بوو وه‌زیری ناوخۆ به‌ر له راگه‌یاندنی ئه‌و بڵاو كراوه ناشرینه ئاگاداری ئه‌وه بوایه كه ئیشقی ئازادی ، ئیشقی نیشتمان ، ئیشقی هه‌قیقی ، ئیشقی مه‌جازی ، ئیشقی خودای ، ئیشقی مرۆڤ ئه‌مانه كفر نین ، ده‌بوو نه‌یهێشتبا ئه‌و راگه‌یاندنه له‌وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئه‌وه‌وه ده‌ربچێت ، لێدان له كیژێكی ئاشقی ئازادی كفره نه‌ك ئیشق ، خۆی باشتر بوو وه‌زیری ناوخۆ له سه‌ر ئه‌و راگه‌یاندنه‌رونكردنه‌وه‌ی دابا ، باشتر بوو بیگوتبا ناكرێ ده‌ست وه‌ربده‌یته ژیانی تاكه‌كانه‌وه به‌و جۆره‌ی كه ده‌شێ زیانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت.
دالیا ئه‌گه‌ر ئاشقی كوڕێكیش بووبێت نه‌كفره‌و نه‌تاوان ، دالیا چه‌ند ساڵێك شه‌ڕی بۆ ئازادی كرد ، دڵ و گیانی به‌خشی به نیشتمان ، گریمان ئیتر وه‌ك هه‌ر كچه جه‌نگاوه‌رێك گه‌ڕایه‌وه نێو خانه‌واده یان له ته‌ك لاوێكدا به‌ڵێنی هاوسه‌رگیریان دا ، ئایه كفرو گوناه له‌مه‌دا هه‌یه ، ئایه یه‌په‌گه، یه‌په‌ژه، په‌كه‌كه ، ئاپۆ كه‌س له‌وان رێگری له‌م ئیشقه ده‌كه‌ن به تایبه‌ت بۆ دوو په‌روه‌رده كراوی رێی ئازادی ، له كوێ رێگری له‌م ئیشقه كراوه ، بۆ ده‌بێت ئه‌وانی به ئیشقه‌وه شه‌ڕ له پێناوی ئازادی و مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن تاوانبار بكرێن به‌وه‌ی كه ئیشق كوژن ، راگه‌یه‌نراوه‌كه ده‌یه‌وێ وا بڵێت.
له‌وه گه‌ڕێ ئێستا باوك و براو كه‌س و كاری دالیا چی ده‌ڵێن ، له‌وه گه‌ڕی َ ئێستا ئه‌و به خواستی خۆی یان به راده‌ستكراوی نێردراوه‌ته وڵاتێ كه نابێ له‌وێ بێت ، له‌وه گه‌ڕێ كه نیشتمانه‌كه‌ی دالیا هه‌ر پارچه‌ی داگیركراوی سته‌مكارێكه ، ئایه دالیا تاوانی كردووه ، بۆ ده‌بێت ئه‌مه وه‌ك ره‌دووكه‌وتن وێنا بكرێت ، بۆ ده‌بێت سوكایه‌تی به‌و كچ و كوڕه بكرێت ، چه‌ند ناشرینیه هه‌میشه سه‌ری زاره بنی زارمان قسه بێت له خۆشویستنی یه‌كترو رێزله یه‌كترو پاراستنی پێكه‌وه‌بون پێكه‌وه هه‌ڵكردن ، به‌ڵام له دۆخێكی ئاوادا ده‌مامكه‌كه‌مان بكه‌وێت و به‌ربینه وێزه‌ی جوانی .
باشه گریمان هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌وترێ وایه و دالیای عاشقی نیشتمان و ئازادی ، دوای عیشقی كوڕێك كه‌وتوه به نێوی سه‌لام ره‌مه‌زان ئێ خۆ ده‌بێت له سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه به‌ڵگه هه‌بن ، یانی ئه‌مه هه‌ر بۆئه‌وه‌ی له یه‌په‌ژه‌و له كچ و ژنی ئازا‌و ئازادی كورد بدرێت هاتن وتیان ئه‌مه ئیشقی مه‌جازیه‌و حه‌زه‌و پێویسته له قاو بدرێت، گه‌لۆ ئێمه چ مه‌خلوقێكین ، ئه‌گه‌ر ئیشقێكیش له گۆڕێ بێت نه كفره‌و نه‌تاوان ، وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌رپرسه له‌وه‌ی رونكردنه‌وه بدات و لانی كه‌م داوای بوردن له خانه‌واده‌ی دالیا بكات ، وه‌زاره‌تی ناوخۆ مه‌ڵه‌تی به ده‌یان كه‌ناڵی توركخواز داوه رۆژانه‌به ناوی دراماوه هه‌وه‌سبازی و ده‌ستبازی و ژن به كاڵاكردن بڵاو بكه‌نه‌وه‌و كه‌سیش نقه‌ی لێوه نه‌یه‌ت ، به‌ڵام خۆی دێت رونكردنه‌وه‌یه‌ك به‌و جۆره ده‌دات كه ئیشق ئابڕوچوون و كێماسیه .